کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریكا فرۆشی زێڕی بە ئێران قەدەغە كرد

16:44 - 26 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: حكوومەتی ئەمریكا لەرەشنووسێكدا فرۆشی زێڕی بەئێران قەدەغە راگەیاند و هەروەها دوو كۆمپانیاشی لە دوبەی بەتاوانی هاوكاری رێژیمی ئێران خستە لیستەی گەمارۆكانەوە.

بەپێی یاسایەك كە بەم دواییانە لەلایەن حكوومەتی ئەمریكاوە پەسند كراوە لە مانگی ژوئەنـەوە هیچ وڵاتێك بۆی نیە پێوەندیی كڕین و فرۆشی زێڕی لەگەڵ ئێران هەبێت.

بەپێی ئەو یاسایە هەر وڵاتێك كە بەپێچەوانەی ئەو بڕیارە هەڵسوكەوت بكا دەخرێتە لیستەی گەمارۆكانی ئەمریكاوە.

هەر لەو پێوەندییەدا حكوومەتی ئەمریكا دوو كۆمپانیای ئەلحلال و ئەلفدای لە دوبەی بە تاوانی پێوەندیی بازرگانی لەگەڵ رێژیمی ئێران خستۆتە لیستەی گەمارۆكانەوە.

هەواڵدەریی ئاڵمان بڵاوی كردەوە ،دیوید كوهن جێگری وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریكا رایگەیاندووە، ئەو گەمارۆیانەی كە خراونەتە سەر ئێران كاریگەری خۆی دەرخستووە و كێشەی بۆ هەناردە و فرۆشی نەوتی ئەو رێژیمە دروست كردووە.


چەند رۆژ لەمەوبەریش پێنج سناتۆری ئەمریكایی لەگەڵاڵەیەكدا پێشنیارییان كردبوو كە حیسابە بانكییەكانی رێژیمی ئێران كە لەداهاتی ئەرزەوە سەرچاوەی گرتووە و لەدەرەوەی ئێرانن، بلۆكە بكرێت.

ئەگەر بێت و ئەو گەڵاڵەیە لەلایەن باراك ئۆباما سەركۆماری ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە واژۆ بكرێ‌، بانكی ناوەندی ئێران و كۆمپانیا نەوتییەكانی رێژیمی ئێران چیدیكە ناتوانن دەستپێڕاگەیشتنیان بە حیسابە بانكییەكانی دەرەوەی ئێرانیان هەبێت.