کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كەمپەینی پشتیوانی لەژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەشاری سلێمانی ئاكسیونێكی ناڕەزایەتی دەربڕینان بەڕێوە برد

22:34 - 5 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: كەمپەینی پشتیوانی لەژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە حوكمی دادگای مەریوان، بەبەشداری شاندێكی یەكیەتی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران كۆبوونەوەیەكی لەشاری سلێمانی بەڕێوە برد.


بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی كوردستان میدیا، دوانیوەرۆی رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی ٥‌ی بانەمەڕ ئەو كۆبوونەوەیە بە بەشداری نوێنەرانی رێكخراوەكانی ژنانی كوردستانی ئێران و كۆمەڵێك لەچالاكانی مافەكانی ژنان لەپاركی ئازادی شاری سلێمانی، بەمەبەستی مەحكووم كردنی بڕیاری دادگای شاری مەریوان و هاوكاتیش پشتیوانی لەژنانی مەریوان، بەڕێوە چوو.
لەسەرەتادا پەیامی كەمپەینی پشتیوانی لەژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن هەڵاڵە محەممەدی چالاكی ژنانەوە خوێندرایەوە و دواتر كورتە شێعرێك پێشكەش كرا.

لەبڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا پەیامی رێكخراوی ئەمریكایی CPT بە زمانی ئینگلیزی پێشكەش كرا و هەروەها فریبا محەممەدی چالاكی مافەكانی ژنان بەو بۆنەوە پەیامێكی پێشكەش بەبەشدارنی كۆبوونەوەكە كرد.

لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا چەند پارچە شێعر لەلایەن بانوو و جەلال هانیسێەوە خوێندرایەوە و هەروەها خاتوو كوێستان پەیامێكی لەپێوەندیی مەحكووم كردنی بڕیاری دادگا پێشكەش كرد و دواتر پەیامی شاجوانی كوردستان شێنێ‌ عەزیز كە بۆ كۆبوونەوەکە ناردرابوو خوێندرایەوە و دوابەدوای ئەویش برگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكە خوێندنەوەی پەیامی مینا ئەحەدی چالاكی ژنان بوو.
هەروەها چەندین رێكخراوی ژنان لەو كۆبوونەوەیەدا پەیامیان پێشكەش كرد كە بریتین بوون لە:

ــ پەیامی یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەلایەن رووناك فەتحی ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەو رێكخراوەیەوە خوێندرایەوە

ـ رێكخراوی ژنانی ئازادیخوازی كوردستان

ـ رێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد

ـ رێكخراوی ئازادی ژنانی كوردستان (نینا)

ـ ژنانی رەوتی سوسیالیستی كۆمەڵە

ـ كۆمیتەی ئافرەتانی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران

ـ رێكخراوی كۆمەڵەی ژنانی كوردستانی ئێران