کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی تیرۆری ئاشتی و پێکەوەژیانی بەرابەرە

20:37 - 22 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: تیرۆریستانی نێردراوی ڕێژیمی تاران، ٢٧ ساڵ پێش، لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتێکی پێشکەوتووی ئورووپایی، ڕێبەری خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردیان تیرۆر کرد.

٢٧ ساڵ پێش، ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی، دیپلۆمات تیرۆریستانی نێردراوی حکومەتی ئیسلامیی ئێران، لە سەر مێزی بەناو وتووێژ، دەسرێژیان لە دوکتور قاسملووی نەمر و هاوڕێیانی کرد و لەو کارەساتە مێژووییەدا ڕێبەری خەباتی نەتەوەیی- دێموکراتیکی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دوکتور قاسملووی نەمر و هاوڕێی عەبدوڵڵا قادری ئازەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و هەروەها فازڵ ڕەسووڵ کوردی عێراقی بە دەستی پاسدارانی تیرۆریست شەهید کران.

دوای کۆتایی‌هاتنی شەڕی ماڵوێرانکەری ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهی و ڕێژیمی بەعسی عێراق، کۆماری ئیسلامی داوای وتوێژی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردبوو کە کێشەکان لە ڕێگەی وتوێژەوە چارەسەر بکرێن و دوکتور قاسملووی نەمریش بەو مەرجەی کە باسی وتوێژ لە سەر دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بێ، ئامادەی وتوێژەکە دەبێ. ڕێژیمی ئیسلامیی تارانیش مەرجەکەی قبووڵ کردبوو و دوای چەند قۆناغی وتوێژ، لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕدا لە شوێنێک لە ڤییەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش دەورێکی دیکەی وتوێژ بەڕێوە دەچوو کە بەداخەوە دیپلۆمات تیرۆریستانی کۆماری سێدارە و کوشتار، دەسڕێژیان لە هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و ڕێبەری بلیمەتی کورد دوکتور قاسملووی نەمر لەو کارەساتەدا وێڕای هاوڕێیانی شەهید بوو.

دوای ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە، هەرچەند تیرۆریستێک بە برینداری کەوتە دەست پۆلیس و تیرۆریستانی دیکە لە باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە ڤییەن پەنا دران، بەڵام دەوڵەتی ئەوکاتی ئۆتریش لە هەوڵێکی دژ بە پرەنسیپە مرۆییەکان، ڕێگەی دا کە تیرۆریستان بگەڕێنەوە تاران و بەم شێوەیە یارمەتیی کۆماری ئیسلامیی دا تاکوو لە دەست عەداڵت و دادپەروەری دەرباز بێ.

کۆماری ئیسلامی وای دەزانی بە تیرۆری ڕێبەری خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی کورد، ئەو خەباتە بەچۆکدا دێنێ، بەڵام نەک ئەو خەباتە بەچۆکدا نەهات، بەڵکوو وا ئێستا و دوای ٢٧ ساڵ لە کارەساتی ڤییەن، ڕۆڵەکانی ڕێبواری ڕێگای شەهیدان، ڕاسانێکی نوێیان دەست پی کردووە و لە پێناوی ئازادیدا نرخە پڕبەهاکەی دەدەن.

یادی شەهیدان بەرز و پیرۆز و ڕێگایان پڕ ڕێبوار بێ.