کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزب لەناخۆ بەرەو پیری نەورۆزی کوردەواری چوون

22:09 - 29 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: لە ناوچەی سەردەشت ئەندامانی حیزبی دێمۆکرات بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان یەکەم چەخماخەی ئاگری نەورۆزیان لە خۆرهەڵاتی کوردستان لێدا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پێشوازی لە نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شاری ڕەبەت و گوندی گۆڵێ دەستی پێکرد.

ئەو ئاڵایە ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٨ی ڕەشەمە لەلایەن ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەرکێوەکانی پشتی گۆڵێ و دهیاری ئەو گوندە هەڵکراوە.

لە ڕاپۆرتی گەیشتوودا هاتووە؛ ئاڵای کوردستان تاکوو نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەر لە شوێنی خۆی دەشەکایەوە کە دواتر هێزەکانی ئەمنی و ئنتیزامی هێنایانە خوارێ.
دەوترێت لە ئێستادا گوندی گۆڵێ میلیتاریزە کراوە و جاش و خۆفرۆش بڵاوەیان پێکراوە.

هەروەها ئەندامانی حیزب لە شاری ڕەبەت ئاڵای کوردستانیان هەڵکردووە و بەرەپیری جەژنی نەتەوەیی نەورۆزە چوون.
ئەو ئاڵایە تا ئێستاش لە بەرزایی گردە گڕوێ دەشەکێتەوە.

هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و خۆشحاڵی خەڵکی ناوچەکە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ڕابردووە، ئاگری نەورۆز و پێشوازی لەو بۆنەیە لەلایەن مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاخەکانی سەرسنووری خۆرهەڵاتی کوردستان هەڵکرا.