کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری مەریوان پەیمانیان لەگەڵ حیزبی دێموکرات نوێ کردەوە

22:09 - 1 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری مەریوان بە ناردنی پەیام پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهیدان نوێ کردووە.

دەقی پەیامەکە:

لە ناخی ئێش و ئازارەکانی سەدان ساڵەی خەباتی خوێناویی نەتەوەییمانەوە ئەدوێین، بە شوێن‌پێی هەنگاوەکانتانا وێڵین، وێڵ تا گەیشتن بە باڵاتان.

ئەمە هاواری ئەو زارە قوفڵ لێدراوانەیە کە وشەیان لێ حەرام کراوە، ڕوانینی ئەو چاوانەیە کە چاوەڕوانی ئیشارەیەکن تا لە بەژن و باڵای شەڵاڵ لە خوێنتان بئاڵێین. هەڤاڵە ڕۆح سووکەکانمان، پەپوولە هەڵقرچاوەکانی دەوری چرای ئازادی، لە مەریوانەوە بۆتان ئەدوێین، بە چاوی زرێبار ئەگرین، هەرچەند ناوێرین دەنگ هەڵبڕین، بەڵام لە ناخەوە گڕین لە بوونی خۆمان بەربووین، زریانین چاوەڕێی فەرمانین تاوەکوو ڕاماڵین پیس و پۆخڵی و نگریسیی داگیرکەر. شەش دایکە پیرەکە، شەش باوکە پشت چەماوەکان، ئێمەین یادگارەکانی ڕێبازی ئازیزانتان، دڵنیا بن، سوێندمان خواردووە شوێن‌پێی کوڕەکانتان بەرنەدەین تا دەگەینە دوا هەوار.

مناڵە نازدارەکانی شەهیدان، هاوسەرە چاوەڕوانەکانی غوربەت، ئێمەین برا و باوانی ئاواتەکانتان تا گەیشتن بە ئۆقرەیی.

لە لایەن کۆمەڵێکی زۆر لە کوڕانی دێموکرات لە مەریوانەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هاوسەر و منداڵ و کەسوکاری شەهیدانی تازەمان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین و بەڵێن ئەدەین کە لە بچووکترین دەرفەت کەڵک وەردەگرین بۆ تۆڵە سەندنەوەی خوێنی پاکیان و تەنیا چاوەڕوانی فەرمانین.

ئێمە ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێخۆی وڵات لە شاری مەریوانی دێموکراتخواز بە بونەی شەهیدبوونی پۆلێک لە پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی شنۆ، پرسە وسەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی حیزبی دێموکرات دەکەین لەهەموو شوێنێکی ئەم جیهانە، ئێمە ئەندامان و دۆستان و لایەنگران لە ناوچەی مەریوان بەڵێن ئەدەین ئامادە بین بۆ درێژەدانی ڕێگای ئەو شەهیدانە.