کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی بەربڵاوی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر باکووری ئیسرائیل

13:09 - 25 خاکەلێوه 2724

لە گەرمەی ئەگەری هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە، حیزبوڵڵای لوبنان هێرشی مووشەکی کردە سەر باکووری ئیسرائیل .

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خاکەلێوە، حیزبوڵڵای لوبنان سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە زیاتر لە ٥٠ مووشەکی کاتیۆشا لە باشووری لوبنانەوە تۆپخانەیەکی ئەرتەشی ئیسرائیلیان لە باکووری ئەو وڵاتە کردە ئامانج.

هەروەها حزبوڵای لوبنان باسی لە هاویشتنی دەیان مووشەک بۆ یەکەکانی تۆپخانەی ئیسرائیلی کە دەکەوێتە ئەلزەورە لە بەرزاییەکانی جۆلان کرد

هەر لەو پێوەندییەدا ئاژانسی هەواڵی "تایمز"ی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، سیستەمی بەرگری گونبەدی ئاسنین ژمارەیەکی زۆر لەو  مووشەکانەیان لە ئاسمانەوە تەقاندووە، و هێندیکیان لە ناوچە چۆلەکان کەوتوونەتە خوارەوە.

هەروەها ڕۆژنامەی "هارتێز"ی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە کاتی هێرشەکانی حیزبووڵڵا بۆ سەر باکووری ئەم وڵاتە هیچ کەس و هیچ دامەزراوەیەک زیانیان پێ نەگەیشتووە.

حیزبوڵڵای لوبنان ئەم هێرشانەی بە وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گوندەکانی باشوور و خەڵکانی مەدەنی ناوبرد.

هەر لەو پێوەندییەدا ئاژانسی هەواڵی "ئەلعەرەبیە" ڕایگەیاند کە ئەرتەشی ئیسرائیل دوو دڕۆنی خۆکوژی حیزبوڵڵای لە باکووری ئەم وڵاتەی تەقاندووتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خاکەلێوە، ئیسرائیل ناوەندێکی گەورەی سەربازی حیزبوڵڵای لە ناوچەی ئەلریحان لە باشووری لوبنان کردە ئامانج.

هێرشە مووشەکییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بە هۆی هەڕەشەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئیسرائیل گەیشتووەتە لوتکە و ئەمریکاش ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران بە دەیان مووشەکی کروز و زیاتر لە ١٠٠ دڕۆن، خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئامادە کردووە.