کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڵگەی ڕوون بۆ پێویستیی نەمانی کۆماری ئیسلامی

01:10 - 27 خاکەلێوه 2724

سمایل شەرەفی

لە کۆتاییدا دوای ساڵانێک هەڕەشە و گوڕەشە و مەرگ و نەمان ناردن بۆ ئیسرائیل و ئیدیعای سڕینەوەی ئەم وڵاتە لەسەر نەخشەی جیهان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، بە ٣٠٠ درۆن و مووشەکی دوورهاوێژی جۆراوجۆرەوە هێرشی کردە سەر ئەم وڵاتە.

چەندین ساڵە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە عەلی خامنەییەوە بگرە هەتا سەرکۆماری ئێستا و بەشێک لە سەرۆک‌کۆمارەکانی پێشوو و بەتایبەت بەرپرسانی هێزە ئەمنیەتی و چەکدارەکانی ئەم ڕێژیمە بە هاتوهاواری "نابوود"کردنی ئیسرائیل و "لەگەڵ خاک تەختکردنی تێل‌ئاویو" و "دادگاییکردنی سەرانی ڕێژیمی زایونیستی و لەسێدارەدانیان" گوێی عالەمیان پڕ کردبوو. بەڵام ئەوەی لەم هێرشەدا بینیمان ئەوە بوو کۆماری ئیسلامی نەک‌هەر ئەوە نەبوو کە لە ڕووی توانای سەربازییەوە ئیدیعای دەکات، بەڵکوو بە بەراوەرد لەگەڵ توانای وڵاتی حەریف و هاوپەیمانەکانی، زۆر لاواز و دەستەوەستان مایەوە. بە چەشنێک کە هەر ئێستا بۆتە گەپجاڕی عالەم. بەپێچەوانەی درۆ و دەلەسە و بانگەشەی بەرپرسانی سپای پاسداران و پڕوپاگاندای ناڕاستی میدیاکانی ئێران، بەشێکی زۆری درۆن و مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی کە قەرار بوو دڵی ئیسڕائیل بکەنە ئامانج، پێش ئەوەی بگەنە سنوورەکانی ئیسڕائیل لەلایەن ‌هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئەم وڵاتە و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە کراونەتە ئامانج و بەردراونەتەوە. بەجۆرێک کە خودی کاربەدەستانی سپای پاسداران نەیانتوانی ئەم شەرمەزارییە بشارنەوە و گوتیان ئەو هێرشەی کردوویانە "عەمەلیاتێکی بەرتەسک و بە بارتەقای زەبرەکانی پێشووی دوژمن بووە"! ئەوە لە حاڵێک‌دایە نزیک بە دوو حەوتوو بوو کاربەدەستانی تاران و تەنانەت خودی خامنەیی بۆ تۆڵەکردنەوە لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەناو کۆنسوولخانە ڕێژیمەکەیان لە سووریە، باسیان لە تۆڵەکردنەوەی "سەخت" دەکرد.

دەرکەوتنی لاوازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم هێرشەی بۆ سەر ئیسرائیل –بەتایبەت دوای چەندین ساڵ لە فڕوفیشاڵ و خۆگیپکردن- لێکەوتەی باش و دڵخوازی بۆ ڕێژیم لە هاوکێشە سیاسییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان نابێت و ئەم هێرشە ئەگەر هیچ قازانجێکی تێدا نەبێت، لانیکەم دەریخست کۆماری ئیسلامی بایی چەندە.

هەر لەپێوەندی لەگەڵ ئەم هێرشە کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل و ڕێڕەوی درۆن و مووشەکەکانی سپای پاسداران و چارەنووسی زۆربەیان بەدرێژایی ئەو مەودایەی تیدایدا تێپەڕ دەبوون هەتا ئامانجی ڕێژیم لە وەها هێرشێک لەو ئاستەدا، دەریدەخات کە ئەم نیزامە لە بێ‌پڕەنسیپی و شەڕەنگێزی و بەزاندنی یاسا و ڕێسا مرۆیی و نێودەوڵەتییەکاندە چەندە بێ‌هاوتا و تاقانەیە. بەڕێکردنی زیاتر لە ٣٠٠ درۆنی خۆکوژ و مووشەکی دورهاوێژی کرووز و بالیستیک کە ئەگەر توانای خۆ گەیاندن بە ئامانجەکانیان هەبا، دەیتوانی گیانی بە هەزاران هەزار کەس بخاتە مەترسییەوە تەنیا دەکرێ لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بوەشێتەوە. بەزاندنی سنووری ئاسمانیی چەند وڵاتێکی وەک عێراق، سووریە و ئۆردۆن بۆ هێرش بۆ سەر ئیسرائیل یەکێکی دیکە لەو بێ‌پڕەنسیپی و پێشێلکارییانەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییە کە نەتەنیا شەرمی لێ ناکەن، بەڵکوو یەکی وەک وتەبێژی هێزی ئاسمانیی ئەڕتەش بەوپەڕی ڕووهەڵماڵاوییەوە دەڵێ؛ هەر وڵاتێک لە ئاسمانی خۆیەوە درۆن و مووشەکەکانمان بکاتە ئامانج، بە خراپ بەسەریدا دەشکێتەوە و بەوجۆرە ڕاستەوخۆ هەڕەشەی سەربازییان لێ دەکات.

بۆ هەمووان ئاشكرایە ئەوەی لە ئارادایە شەڕی وڵاتی ئێران و خەڵکەکەی نییە لە گەڵ ئیسرائیل، بەڵکوو شەڕی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە دژبە خەڵک و وڵاتی ئیسرائیل. بەڵام هیچ گومانی تێدا نییە کە خەڵکی ئێران و ئەم وڵاتە پێشتر و ئێستاش کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئاسەوارەکانی ئەم شەڕە. ئەو بە دەیان میلیارد دۆلارەی خەرجی دروستکردنی ئەو درۆن و مووشەکە پڕتێچووانە کراون لە سامان و قووتی ژیانی خەڵکی ئێران گیراونەتەوە. خەڵکێک کە لە ئێستادا لە خراپترین دۆخی ژیان و گوزەران و گرانی و بێ‌دەرەتانیدا دەژین. بێ‌قیمەتبوونی زیاتری دراوی ئێرانی کە ئەم‌ڕۆژانە دۆلارێک نزیک بە حەفتا هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرێ، ئاسەوارێکی دیکەی ئەم سەرەڕۆیی و شەڕئەنگێزییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ گوزەرانی لە خەڵکی وڵات تاقەت‌پڕۆکێنتر کردوە.

کۆماری ئیسلامی بەم هێرشکردنەی بۆ سەر ئیسرائیل پێویستە لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە جۆرێکی دیکە لێی بڕواندرێ و هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ. ئەم ڕێژیمە نیشانی‌ دا و سەلماندی کە لە شکاندنی هەر جۆرە سنوورێکی یاسایی و مرۆییدا دیاردەیەکی ناوازە و دوور لە پێبەندبوون بە هەر ڕێوشوێنێکی ددانپێدانراو و دیاریکراوە. ئەو وڵاتانەی بە دەیان ساڵە بە ڕەپێشگرتنی سیاسەتی دیالۆگی ڕەخنەگرانە و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ڕێفۆرم لەم نیزامەدان، دەبێ ئێستا باش بزانن و بۆیان دەرکەوتبێ کە لەگەڵ چ ڕێژیمێک‌ بەرەوڕوون. دەبێ ئەم خەسڵەت و ڕەفتارانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پرسیار لە خۆی بکات کە مانەوەی ئەم ڕێژیمە و دەستپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی، دەتوانێ دنیا تووشی چ بەڵا و کارەساتێک بکات. دەبێ گەلانی جیهان بۆیان دەرکەوتبێ خەڵکی ئێران زیاتر لە ٤٥ ساڵە دەسەڵاتی سەرکوتگەری چ ڕێژێمیکیان بەسەردا سەپاوە و لەدژی چ نیزامێکدا خەریکی خەبات و تیکۆشانن و لەبەرچییە کە دەیانهەوێ لێی رزگار بن و ئاسەواری نەهێڵن؟

ماوەتەوە بڵێین: گەلانی ئێران ئەم شەڕە بە شەڕی خۆیان نازانن و هێرشی ڕێژیم بۆ سەر ئیسرائیل هیچ خواستێکی خەڵکی ئەم وڵاتەی لەسەر نییە. ئەم هێرشە ئاکامی سیاسەتی شەرئەنگێزانەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سپای پاسدارانە کە بوون و بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریی خۆی وەک باندێکی مافیا لە قەیرانخوڵقێنی و بەئەمنیەتیکردنی دۆخەکەدا دەبینێ. گەلانی ئێران سەرەڕای مەحکوومکردنی هەرچەشنە دەستدرێژی و سنووربەزاندنێکی کۆماری ئیسلامی، هۆکاری سەرەکیی ئەم ئاڵۆزییانە و هەرچەشنە ئالۆزییەکی دیکەی ناوچەکە بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێننەوە و لەو باوەڕەدان تەنیا ڕێگای ڕزگاریی ئێران و ناوچەکە لە شەڕ و قەیران و ناسەقامگیری نەمانی ئەم ڕێژیمەیە.