کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

11:12 - 29 خاکەلێوه 2724

ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی کاک محەممەد ئەلیاسی ناسراو بە محەممەدی مام ڕۆستەم خەڵکی گوندی قەلەڕەشەی ناوچەی سەردەشت بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.

کاک محەممەد ئەلیاسی دوای ئەوەی کە لە شەڕێکی نابەرانبەر لە ناوچەی سەردەشت کاک حەمەی برای شەهید بوو، نەیهێشت چەکەکەی بکەوێتە سەر زەوی و چەکەکەی لە شان کرد و هاتە نێو ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات و لە دەستەی ١ی شەهیدانی ٨ی گەلاوێژ سەر بە لکی ٣ لە هێزی شەهید موعینیی ئەوکات و ئازایانە دژ بە داگیرکەرانی کوردستان لە زۆر شەڕی ناوچەی سەردەشت بەشدار بوو و زۆر زوو لەنێو هاوڕێیانیدا ئازایەتی و فیداکاریی ناوبراو دەرکەوت و زوو بوو بە خۆشەویستی خەڵک و هاوسەنگەرانی.

کاک محەممەد لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەردا پەروەردە ببوو و بنەماڵەکەیان هەمیشە جێگەی متمانە و ڕێز و خۆشەویستیی خەڵکی ناوچە بووە و ئەو متمانە و خۆشەویستییە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بووە. لە گەرمەی خەباتی چەکدارانەی تێکۆشەرانی گەلی کورد دژ بە سپای تاریکپەرستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران برازایەکیشی بە ناوی عەبدوڵڵا ئەلیاسی یەکێک لە پێشمەرگە ئازاکانی حیزبی دێموکرات شەهید بوو.

کاک محەممەد بە ورەتر لە جاران ڕێگەی ئەو شەهیدانەی درێژە پێدا و لە هیچ فیداکارییەک درێغی نەدەکرد. دوای چەند ساڵ پێشمەرگایەتی بە هۆی دۆخی خراپی ژیان و گوزەرانی بنەماڵەکەیان گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و لەوێش وەک ئەندامێکی چالاک و جەسوور درێژەی بە کاری حیزبی دا و هەردەم هاوکاری کادرەکانی تەشکیلاتی بوو و سەرەنجام دوای کار و تێکۆشان لە نێوخۆ جارێکی تر تووشی دەربەدەری بوو و هاتەوە نێو ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکرات.

کاک محەممەد لەم ساڵانەی دواییشدا یەکێک لەو پێشمەرگە ئازایانە بوو کە لەگەڵ تیمەکانی پێشمەرگە بۆ کار و چالاکیی حیزبی دەچووە ناوچە.

ئازایەتی و بوێری و قسەخۆشیی کاک محەممەد ببووە وێردی سەر زمانی هاوڕێیانی و هەموویان خۆشیان دەویست و ڕێزیان دەگرت.

کاک محەممەد بەداخەوە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو و دوای ماوەیەک بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ سەرەنجام تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی سوورخەڵاتی گەل بوو و ڕێگە و ڕێبازەکەی بە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی سپارد.

ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی