کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک خالید عەزیزی: فەلسەفەی خەباتی چەکداریی ئێمە بۆ بەرگری لە خۆمان بووە

15:45 - 29 خاکەلێوه 2724

کاک خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ دۆیچەولە لە ١٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا سەبارەت بە گوشارەکانی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ سەر حیزبی دێموکرات لە ماوەی ڕابردوودا باسی لەوە کرد کە لەم پرسە ئەمنییەتییەدا کە ڕێژیمی ئێران پێداگریی لەسەر دەکرد، داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە کە هێزەکانی حیزبی دێموکرات لە خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی ئێران کەڵک وەرنەگرن. ئێمە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەمەمان نەکردووە.

ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی وەکوو پاکێجێکی ئەمنییەتی لەگەڵ عێراق باسی کردووە دەگەڕێتەوە بۆ خودی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی ئێران و کوردستان، هەر کاتێ لە نێوخۆی کوردستانی ئێران خەباتی خەڵک یان بزووتنەوەی مافخوازانە دەگاتە لووتکە، کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات بیری گشتیی خەڵکانی ئێران بەلاڕێدا ببات و بڵێت لە دەرەوەی سنوورەکان هەڕەشە لەسەر ئەمنییەتیی وڵات هەیە.

ئێمەش بە دەیان جار وتوومانە، هەم لەگەڵ حکوومەتی عێراق و هەم لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستانیدشا ئەمەمان باس کردووە کە ئێمە دەستێووەردان لە کاروباری نێوخۆیی عێراقدا ناکەین و دژی کۆماری ئیسلامیش چالاکیی نیزامی ناکەین.

کاتێ لە نێوخۆ خەڵکی کوردستان بە بۆنەگەلی جیاواز وەک نەورۆزی ئەمساڵ خەریکی خەباتکردنن و داوای مافەکانی خۆیان ئەکەن، پێەیست نییە کە ئێمە چالاکیی چەکداریمان هەبێ. ئێمە لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکوومەتی بەغداد، حکوومەتی هەرێی کوردستان خەریکی وتووێژ و دانوستانین و ستراتێژیی ئێمە ئەوەیە کە ڕێز بۆ کاروباری نێوخۆیی عێراق دادەنێین بەڵام پرسی هەبوون و نەبوون و چەندی و چۆنیی هەبوونی ئێمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بابەتێکە کە پێوەندیی بە دەوڵەتی عێراق و کاروباری نێوخۆیی عێراقەوە هەیە، نەک ئێران!

لەو بابەتانەدا کە پێوەندییان بە ئێرانەوە هەیە هەوڵمان داوە ڕێککەوتن بکەین لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم و بە جۆرێک مودیرییەتی بکەین کە بە قازانجی هەموومان بێ.

کاک خالید سەبارەت بە زۆربوونی گوشارەکان بۆ سەر حیزب بە مەبەستی چەککرانی حیزبی دێموکرات باسی لەوە کرد کە پرسەکە چەک کردن یا نەکردن نییە، دۆخی عێراق بە جۆرێکە کە هەموو چەکیان پێیە، چەکداربوونی ئێمەش لەوێ هەڕەشەیەکی نیزامی یان ئەمنییەتی بۆ سەر ئێران بە ئەژمار نایەت، هەروا کە ئاماژەم پێ کرد ئەمە بابەتێکە کە دەبێ لە نێوان حیزبی دێموکرات و دەوڵەتی عیراق و هەرێمی کوردستاندا ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت. لە ڕاستیدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆمەڵگەی نائەمنی عیراقدا دەبێ ئەمنییەتی هەبێ و ئەم ئەمنییەتیە چۆن دابین دەکرێ، ئەوە پێشمەرگەکانی ئەم حیزبە بەشێک لەم ئەمنییەتەن.

بەڕێز عەزیزی سەبارەت بە ڕوانگەی بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش سەبارەت بە مەترسیداربوونی چەکداربوونی حیزبی دێموکرات لە ئێرانی داهاتوودا وتی، هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران بەشێک لە بەرگریی خەڵكی کوردستان لە نێوخۆی کوردستانە لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی هێرشی کردە سەر کوردستان، کەوابوو فەلسەفەی بوونی ئەم بزووتنەوەیە هەمیشە بەرگری لە خۆی بووە، ئێمە هەرگیز لە شارەکانی دەرەوەی کوردستانی ئێران چالاکیی نیزامییمان نەبووە، فەلسەفەی خەباتی چەکداریی ئێمە بەسەرماندا سەپاوە و بۆ بەرگری لە خۆمان بووە و ئەم بیانوویە کە کۆماری ئیسلامی باسی دەکا کە گوایە ئێمە هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتیی ئێران و سەرەوەریی خاکی ئێرانین بە هیچ شێوازێک دروست نییە.

سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەوەی کە جەخت لەسەر مافی نەتەوەیی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێرانە و خەباتی بۆ کردووە و بەم هۆیەشيوە دامەزراوە ئەوەیە کە ئێمە لە هاواهانەگی و هاوکاری لەگەڵ باقی ڕێکخراوەکان و حیزبەکانی ئێران بتوانین بەرەیەکمان هەبێ و گوتاری هاوبەشمان هەبێ و بزووتنەوەی ژیناش ئەمەی نیشان دا کە بەختەوەرانە ئێستا بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو، لە ئێراندا پرسی کورد لایەنێکی دیکەی بە خۆیەوە بینیوە و تا ڕادەیەکی باش لەگەڵ ئەم بابەتە ئاشنا بوونەتەوە و دەتوانم بڵێم بەردەنگێکی زۆرمان هەیە، ستراتێژیی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە بیری گشتیی خەڵک بەلاڕێدا ببات کە لە کوردستانی ئێران دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێران هەڕەشە هەیە و هۆکاری هێرش بۆ سەر کوردستان و هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات بە مووشەک و دڕۆن ڕێک ئەوە بووە کە بەگشتی نادرووستە و ستراتێژییەکەیان بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی خەڵكی ئێران سەبارەت بە پرسی کوردستانە.

کاک خالید سەبارەت بە پرسی وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وتی لە سیاسەتدا، لە خەباتی نەتەوەیەکدا یان لە تاکتیک و ستراتێژیی هەر حیزبێکدا پرسی وتووێژ هەیە، لە ئێستادا هیچ وتووێژێک لە نێوان ئێمە و کۆماری ئیسلامیدا بوونی نییە و لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئەگەر کۆماری ئیسلامیش پێشنیار بکات هۆکارێکی نییە کە لەگەڵیان دابنیشین.

کاک خالید سەبارەت بە ڕووداوەکانی سەردەمی شۆڕشی ژینا و ڕوانگەی حیزب سەبارەت بە وتوێژ و دانیشتن لەگەڵ لایەنگرانی سیستەمی پاشایەتی، وتی: ئێمە نیزامی پاشایەتی و سەڵتەنەتیمان ئەزموون کردووە، بۆیە حیزبی دێموکرات لەگەڵ نیزامێک کە ئەزموونی کردووە ناتوانێ بچێتە قۆناغی وتووێژەوە. هەروا کە کۆماری ئیسلامی و نیزامی سۆسیالیستی  و کۆمۆنیستیمان ئەزمون کردووە.

ئەمە بە مانای دوژمنی لەگەڵ ئەو لایەنانە نییە، ئێمە هیچ وتوێژێکی ڕاستەوخۆمان لەگەڵیان نەبووە بۆ داهاتووی ئێران چونکە لە ڕوانگەی ئێمەوە، ئەم سیستمە ڕەت کراوەتەوە.

سەبارەت بە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وتی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا و دوای ئەوەش لە قۆناغی دروستکرددنی ئاڵترناتیڤ دژی کۆماری ئیسلامیدا، ئەمە هەقیقەتە کە ئێمە جیاوازیی بۆچوونمان هەبوو،  زیاتریش پێوەندیی بە ڕێککەوتنی جۆرج تاونەوە هەبوو، ئێمە لە حیزبی دێموکراتدا دژی ئەم ڕێککەوتنە بەم شێوازە  بووین، دژی مەنشوورەکە بووین بەو پێکهاتەوە، بۆیە ئەم ناوەندە کارایی وەکوو ڕابردوو نەما و ئێستا چالاک نییە، سەرەڕای ئەمەش دانیشتمان هەبووە پێکەوە تاکوو سەرلەنوێ ئەم ناوەندە چالاک بکەینەوە  و بزانین چۆن پێناسەی بکەینەوە.

کاک خالید سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ڕایگەیاند: بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ڕەوتێکی سیاسی، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بەگشتی لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستانی ئێران بوو کە لە ڕاستیدا دەکرێ قسەی لەسەر بکرێ. پێویستە سەرنجی لایەنە جیاوازەکانی ئەم بزووتنەوەیە بدەین. ئەم بزووتنەوەیە کۆمەڵێ تایبەتمەندیی دیاری بوو، ژنان لە ئێران لەڕاستیدا بەم ئاکامە گەیشتن کە زیاتر لە ڕابردوودا دەبێ نافەرمانیی مەدەنییان هەبێ و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە نێوخۆی ئێران، کوردستان و تەنانەت دەرەوەش پشتیوانییەکی بەربڵاوی لێ کرا. لایەنی دیکەی ئەوە بوو کە بە سەرنجدان بە دۆخی کوردستان ئەم بزووتنەوەیە بوو بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و لەڕاستیدا جۆرێک نافەرمانیی مەدەنیی کوردی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی بوو کە دێموکراتیکیش بوو.

لایەنی دیکەی ئەوە بوو کە ئەم بزووتنەوەیە توانیی کەڵكی باش لە سۆشیاڵ میدیا وەربگرێ و لە کۆتاییدا نەبوونی یەکگرتوویی بوو، کە لەم بزووتنەوەیەدا دیار بوو، خەڵک تێچوویان دا بەڵام ڕێکخراو سازمانە ئێرانییەکان نەیانتوانی بچنە فازێکی نوێوە و ئەم بزووتنەوەیە وەکوو ئاڵترناتیڤ بۆ دوای کۆماری ئیسلامی ببینن.