کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆردۆن سەبارەت بە مەترسیی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هۆشداریی دا

12:08 - 30 خاکەلێوه 2724

وەزیری دەرەوەی ئۆردۆن ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە ڕایگەیاند: وڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ شەڕێکی ماڵوێرانکەری لە تەواوی ناوچەکەدا بەدواوە بێت.

ئەیمەن سەفدی وەزیری دەرەوەی ئۆردۆن باسی لەوە کردووە، وڵاتەکەی دژی پەرەسەندنی گرژییەکان کە لێکەوتەی دوور مەودای بۆ سەقامگیری و ئەمنییەتی ناوچەکە دەبێت، بۆ گۆڕینی دۆخی زۆر مەترسیدار و کەمکردنەوەی ئەگەری تەقینەوەی ناوچەکە ڕاوێژ لەگەڵ زلهێزەکان دەکات.

وەزیری دەرەوەی ئۆردۆن ڕۆژی یەکشەممەی ئەم حەفتەیە ڕایگەیاند کە باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەی خۆی لە ناڕەزایەتی بە لێدوان و دەستێوەردانی بەرپرسانی ئێران لە کاروباری نێوخۆی ئۆردۆن بانگ کردووە.

 کۆماری ئیسلامی شەوی شەممە ٢٥ی خاکەلێوە، زیاتر لە ٣٠٠ مووشەک و دڕۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و بەشێکی زۆر لەو مووشەک و دڕۆنانە  لە ئاسماندا لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە و بە هاوکاریی هێزی ئاسمانیی ژمارەیەک وڵاتی وەک ئەمریکا، بریتانیا، فەرەنسە و ئۆردۆن تەقێندرانەوە.

دوای هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە بەتوندی وڵامی ئەو ڕێژیمە دەدەنەوە و ژمارەیەک لە وڵاتانیش سەبارەت بە پەرەگرتنی گرژییەکان لە ناوچەکدا هۆشدارییان داوە.