کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگر لە دارستانەکانی دەوروبەری شاهۆ بەر درا

22:10 - 4 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: بە وتەی هاووڵاتییان رێژیمی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک لەمەڕ کۆنترۆڵی ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، ئاگر لە دارستانەکان بەر دەدات.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئێوارەی رۆژی هەینی رێکەوتی ٣ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی کەس، یان کەسانێکی نەناسراو ئاگریان لە شاخەکانی شاهۆ لە دەوروبەری ملە پاڵنگانە و شوانکارە بەر دا و و لە ئەنجامدا چەندین بن \'\'داربەڕوو لەو ئاگرەدا سووتان.

ئەو ئاگرە بە هاریکاریی هاووڵاتییانی ناوچەکە و لاوانی ژینگەپارێزی جوانڕۆ و روانسەر و \'\'بەخشی شاهۆ\'\' کۆنترۆل کرا.

شایەتحاڵێک لەو پێوەندییەدا بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئەو ئاگرانە لە دەستکرد دەچن و زیاتر لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمەوە لەو دارستانانە بەر دراون. ئەو هاووڵاتییە هۆکارەکەشی بۆ کۆنترۆڵی باشتری ناوچەکە لە هەر شێوە جموجۆڵێک گەڕاندەوە.

بەوتەی ئەو شایەتحاڵە، هاووڵاتییان لەو بڕوایە دان: ئاگردانی دارستانەکان و کەمکردنەوەی پووش و پەڵاشی لێڕەوار و دارستانەکانی ناوچەکە لە باری نیزامییەوە کۆنترۆڵی هاتوچۆ لە نێو ئەو دارستانانە بۆ رێژیم ئاسانتر دەکات.

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییان باس لە دانانی ئامێر و دەزگای کۆنترۆڵی هاتوچۆی نەفەر لە نێو ئەو دارستانانەی دەکەن و لەو بڕوایە دان رێژیم لە دەوروبەری بنکەکانی خۆی چەندین ئامێر و دەزگای شنودیان بۆ بیستنی هەرشێوە دەنگێک و کۆنترۆڵی هەر شێوە جموجۆلێک داناوە، هەر بۆیە رێژیم ئاگر لەو دارستانانە بەر دەدات هەتا هەم هاتوچۆی ئاژەڵ و حەیوانە کێوییەکان کەم بێتەوە و هەمیش لەباری ئەمنیەتییەوە باشتر ناوچەکەیان بۆ کۆنترۆل بکرێت.

\'\'ملەپاڵنگانە لەسەر جاددەی نێوان پاوە ــ جوانرۆ ــ روانسەر هەڵکەوتووە و چەندین بنکەی هێزە ئەمنیەتی و چەکدارەکانی رێژیمی ئێرانی تێ دایە و لە هەمان کاتیشدا باس لە هەبوونی سەکۆی مووشەکی رژیم لەو ناوچە دەکرێ.