لە درێژەی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکانی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە، لە ماوەی دوو ڕۆژدا ٥ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، شەوی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی محەممەد ڕەسووڵپوور خەڵكی گوندی کۆنەقەڵا و کەماڵ عوقابی، خەڵکی گوندی باڵاگیری شۆ، دوابەدوای هێرشی هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکانیان دەسبەسەر کران.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە و لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپاوە ڕاگەیەندراوە کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ئیدریس کارساز دوابەدوای هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکەی لە شنۆ دەسبەسەر کرا.
لەلایەکی دیکەوە، هاوکات سەلیم زولقەرنەین و سابیر زولقەرنەین خەڵکی گوندی حەسەن نوورانی شنۆ دوابەدوای هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکانیان دەسبەسەر کران.
هێزەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییانە و دەسبەسەریان کردوون و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.
هەتا ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم ٥ هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.