کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بان‌کی‌مون: باشتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا تەنیا لە ئاستی بانگەشە بووە

21:41 - 22 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوووەکان لە راپۆرتی ساڵانەی ئەو رێکخراوەدا لە پێوەندی لەگەل دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە باشترنەبوونی دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی بەیان نیگەرانی خۆی دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی رۆیتێرز، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە بەرەبەرەکانی بەڕێوەچوونی کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، راپۆرتی ساڵانەی ئەو رێکخراوە لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاو کرایەوە.

بان‌کی‌مون لەو راپۆرتەدا بڵاوی کردبووە کە وادە وبەڵێنیەکانی حەسەن رووحانی هەر لە چوارچێوەی دروشمدا ماوەتەوە و لە کردەوەشدا هیچ پێشکەوتنێکی نەبووە.

لە راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها بە نیسبەت بەرزبوونەوەی ئیعدامەکان لە ئێراندا هوشدارییان داوە.

لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو، زۆربەی کەسایەتییە سیاسیی‌یەکانی لە باشترنەبوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران نیگەرانی خۆیان دەربڕێ.

ئەحمەد شەهید، رێپۆڕتری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران بەردەوام لە راپۆرتەکانی خۆیدا بۆ ئەو رێکخراوە لە درێژەی رەوتی ناڵەباری دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا راپۆرتی بڵاو کردووەتەوە و لە بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، دەستبەسەر کردنی ناڕوون، ئیعدامەکان، پێشێلکردنی مافی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران و.... نیگەرانی خۆی دەربڕیەوە.
پێشتریش دویچەولە لە زاری کریستۆف ئەشترسێر بەرپرسی مافی مرۆڤی ئاڵمان رایگەیاندبوو لە کاریگەر نەبوونی حەسەن رۆحانی، سەرکۆماری نوێی رێژیمی ئێران لەسەر دۆخی ناڵەباری مافی مرۆڤ لە ئێران لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە.

کریستۆف ئەشترسێر، بەرپرسی مافی مرۆڤی ئاڵمان لەگەڵ جەخت کردنەوە لەسەر کارنەکردنی رۆحانی بە وادە و بەڵێنەکانی لەسەر باشترنەبوونی دۆخی‌مافی مرۆڤ لە ئێران نیگەرانی خۆی دەربڕێ.

لەم پێوەندییەدا پاش هاتنە سەرکاری حەسەن رووحانی، جان بێرد وەزیری کاروباری دەرەوەی کانادا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە سیاسەتەکانی رێژیمی ئێران لەگەڵ هاتنە سەرکاری سەرکۆماری نوێ ئالوگۆری بەسەر نایت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکاری حەسەن رووحانی وەکوو سەرکۆماری ئێران لەم بڕوایەدا بوو کە سەرەڕای ئەوەی کە رووحانی هیچ کاریگەری لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا نابێت، بەڵکوو دۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتەدا هەروەها لەسەر رەوتی پێشووی خۆی درێژەی دەبێت.