کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکی کۆمێرتس بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆ ئابوورییەپەسند کراوەکان بە دژی رێژیمی ئێران جەریمە کرا

17:26 - 14 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: بانکی ئاڵمانی کۆمێرتس کە لەلایەن ئامریکاوە بە پێشێلکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان تۆمەتبار کرابوو بە ٦٥٠ ملوێن دۆلار جەریمەی نەختی مەحکووم کرا.
هەواڵدەریی رۆیتێرز بڵاوی کردەوە، بانکی کۆمێرتسی ئاڵمان بەهۆی پێشێلکردن و یارمەتیدانی رێژیمی ئێران و دەورلێدانی گەمارۆ ئابوورییەکان کە دژی رێژیمی ئێران پەسند کراون، بە جەریمەی نەختی مەحکووم کرا.

ئەو بانکە ئاڵمانییە لەلایەن ئامریکاوە بە تۆمەتی یارمەتیدان بە بازرگانی ئێران و مامەڵەکردن بۆ هێڵی کەشتیڕانی رێژیمی ئێران ٦٥٠ ملوێن دۆلار جەریمە کرا.

بەرپرسانی بانکی کۆمێرتس رایانگەیاندووە کە بە مەبەستی پێشگیری لە درێژەدانی لێکۆڵینەوەکانی ئامریکا لە پێوەندی لەگەڵ پێشێلکرانی گەمارۆ ئابوورییەکانی رێژیمی ئێران، ئەو بڕە پارەیەی کە دیاری کراوە دەیدات.

لەو پێوەندییەدا رۆژی هەینی رێکەوتی ٧ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا هەواڵی گەمارۆخستنەسەری چەندین شیرکەت، بانک و هاووڵاتیی ئێرانی بڵاو کردەوە.

ئەو کەس و شیرکەتانە بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان کە لەلایەن کۆمەڵگای جیهانیەوە دژی رێژیمی ئێران پەسند کراون، خراونەتە ناو لیستەی گەمارۆکانی ئامریکاوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لەو بەیاننامەیەدا هەواڵی تەحریمی ٢٥ کەس و شیرکەتی بڵاو کردووەتەوە.

لە سالی ٢٠٠٩ی زایینیەوە کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە دژی رێژیمی ئێران پەسند کراون، ژمارەیەکی زۆر لە کەس، شیرکەت و دامەزراوه کەلە هەوڵی یارمەتیدان بە رێژیمی ئێران و دەرلێدانی گەمارۆکان بوونە، لەلایەن ئامریکاوە ناسراو جەریمە کراون.

زۆربەی ئەو کەس و دامەزراوانە لەلایەن ئامریکاوە خراونەتە ناو لیستەی گەمارۆکان و هەندێکیش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە جەریمەی نەختی مەحکووم کراون.