کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزەیەک بە گوژمی ٦.١ بە پێوەری ریشتر پارێزگای ئیلامی هەژاند

14:45 - 27 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: بوومەلەرزەیەک بە گوژمی ٦،١ بە پێوەری ریشتر لە سێ کیلۆمیتریی بەخشی مورمووری هەڵکەوتوو لە ٣٦ کیلۆمیتریی مووسیان و ٤١ کیلۆمیتریی دێهلۆڕان رووی دا.
ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزە سەربە دامەزراوەی ژێئۆفیزیکی زانینگەی تاران بڵاوی کردووەتەوە، ئەو بوومەلەرزەیە کاتژمێر ٢ و ٧ خولەک و ٥ چرکە لە ٣ کیلۆمیتریی بەخشی موورمووری رووی داوە و لە پارێزگاکانی لوڕستان و ئەهواز هەستی پێ کراوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە بەهۆی ئەم بوومەلەرزەیە رێگای هاتوچۆی بەخشی موورمووری ــ دێهلۆڕان بەهۆی جمینی زەوی داخراوە.

هەواڵدەرییە نیوخۆیی‌یەکان رایانگەیاندووە، گوندەکانی بەخشی موورموری زیاترین خەساریان بەهۆی ئەو بوومەلەرزەوە وە بەر کەوتووە.

سەرەتا ژمارەی بریندارانی ئەو بوومەلەرزەیە لەلایەن ستادی قەیرانی پارێزگای ئیلامەوە ٢٠ کەس راگەیەنراو، بەڵام دواتر ئەو ژمارەیە بۆ ٥٠ بریندار گۆڕدرا.

جیا لە برینداربوونی زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتی لەو بوومەلەرزەیەدا، بچڕانی ئاو و بەرق و داخرانی رێگەوبان، لە زیانەکانی ئەو بوومەلەرزەیە راگەیەنراوە.

ئەمە لە کاتێک دایه کە تیمەکانی فریاکەوتن هەتا ئێستا نەچوونەتە نێو گوندەکان و هیچ ئامارێک ــ کە مەزندە دەکرێ لە ئاماری بڵاوکراوە زۆر زیاتر بێ ــ لەو گوندانە بڵاو نەکراوەتەوە.