کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆکان/ فرۆشیارێکی ماددەی هۆشبەر بە زەبری تەور کوژرا

17:59 - 9 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: یەکێک لە دەست و پێوەندییەکانی بڵاوکردنەوە و کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر لە شاری بۆکان بە تەور کوژرا.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، فرۆشیارێکی ماددەی هۆشبەر رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٧ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی کە بە هاوکاری و ئاسانکاریی رێژیم لە ئاستی شاری بۆکاندا ماددەی هۆشبەری بڵاو دەکردەوە، کوژرا.

ناسنامەی ئەو مەواد فرۆشە \'\'ئەمیر ئەفشاری\'\' ناسراو بە \'\'خانی مەواد\'\' تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی \'\'عەلی\'\' دانیشتووی گەڕەکی \'\'مەجبوورئاوا\'\'ی شاری بۆکان راگەیەنراوە.

بەپێی راپۆرتەکان ناوبراو بە زەبری تەور گیانی لە دەست داوە.

یەکێک لە دانیشتوانی شاری بۆکان وێڕای پژڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'ئەمیر ئەفشاری بە دەستی باوکی کوژراوە\'\'.

ئەو هاووڵاتییە لە درێژەدا وتی: \'\'ئەمیر ئەفشار یەکێک لە دەست و پێوەندییەکانی رێژیمی ئێران بووە و بە ئاگاداریی رێژیم بە شێوەیەکی سیستماتیک لە بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر لە بۆکان و دەوروبەریدا چالاک بووە.

دەوترێ چەندین جار داوا لەو هاووڵاتییە کراوە کە دەست لە بڵاوکردنەوە و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر هەڵگرێت، بەڵام بە بێ سەرنجدان بەو داخوازییە درێژەی بە کارەکەی داوە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران گەورەترین پشتیوانی بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئێران، کوردستان و جیهان دایە.