کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێ‌رێزیی ئیمام جومعەی شاری پاوە بە مامۆستا شێركۆ بێكەس

16:03 - 17 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: دوای ئەوەی‌كە هەواڵی گیان لەدەستدانی مامۆستا شێركۆ بێكەس شاعیری نەتەوەیی كورد بڵاو كرایەوە، سەرجەم دڵسۆزان و فەرهەنگ دۆستانی كورد و غەیری كورد خەم و پەژارەی خۆیان دەربڕی، بەڵام لەم نێوەدا كۆمەڵێك كەس كەوتنە دژایەتیی كردنی.
یەكێك لەو كەسانەی كە بە بەردەوامی دژی پرسە نەتەوەییەكان بووە مەلا قادر قادری پێش نوێژی شاری پاوەیە و ئەو كەسە هەتا ئێستا چەندین جار بێ‌رێزیی بە سەمبولە نەتەوەییەكانی كورد كردووە.
دوایین بێ‌رێزییەكانی مەلاقادر، بە شاعیری نەتەوەیی كورد شێركۆ بێكەس بووە و لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی كوردپا بڵاوی كردبۆوە، چەند شەو پێش ئێستا چەند كەس لە چالاكانی فەرهەنگیی شاری پاوە لە مزگەوتی قوبای ئەو شارە ویستوویانە باس لەكەسایەتی بێكەس بكەن، بەڵام مەلا قادر پێشی پێگرتوون و وتوویەتی: مزگەوت شوێنی باس كردن لە كاسانی بێ دین نییە.
ئەو پێش نوێژەی شاری پاوە پێشتریش لەرێكەوتی ٢٦‌ی بەفرانباری ١٣٩٢ لە رێوڕەسمی پرسەی مام عەلی رەحمانی بێ‌رێزیی بە پەیامی چالاكانی فەرهەنگیی ئەو شارە كردبوو.
لەو پێوەندییەدا مەلا قادر قادری ئیمام جومعەی شاری پاوە لە كاتی چوون بۆ رێوڕەسمی سەرەخۆشیی، ئەو پەیامەی بە شتێكی گاڵتەجاڕ و دژە ئایین لەقەڵەم دابوو.
ئیمام جومعەی شاری پاوە وێڕای بێ‌حورمەتی كردن بەو پەیامە وتبووشی: پێویستە زەخت و گوشار بخرێتە سەر چالاكانی فەرهەنگی و ئەو كەسانەی كە ئەو پەیامەیان نووسیووە بە توندی لێپرسینەوەیان لێ بكرێت.
دوابەدوای ئەو هەڕەشەی ئیمام جومعەی شاری پاوە، ٢٠ كەس لە چالاكانی فەرهەنگی ــ ئەدەبی، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانی شاری پاوەوە دەسبەسەر كران.

لەلایەكی دیكەوە بڕیار بوو رێكەوتی 14 گەلاوێژ رێوڕەسمی یاد و پرسەی مامۆستا شێركۆ بێكەس لە شاری مەریوان لەلایەن ئەدیبان و فەرهەنگ دۆستانی ئەو شارەوە بەڕێوە بچێت.
لەو پێوەندییەدا ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان رێگای نەدا ئەو رێوڕەسمە لە مەیدانی شەبڕەنگ بەڕێوە بچێت.