کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی

01:30 - 7 پووشپەڕ 2724

کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی)

 

سمایل شەرەفی

چەمک و دەستەواژەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە سەدەی نۆزدە و لە لایەن "سێن سیمۆن"ەوە داهێندرا. بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بە هێزێک دەگوترێ کە ڕچەیەک لە دەسەڵات و ئوتوریتەی بە دوادا بێت. سێن سیمۆن باوەڕی به کۆبوونەوەی ئیلیتگەلی زانستی، ڕووناکبیران و کەسانی خاوەن ماڵ و منداڵ بوو کە پێکەوە بۆ جارێکی دیکە سیستەمی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی ئەقڵانی و ڕێکوپێک بکەنەوە.

 بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی یەکێک لە گرینگترین شێوەکانی ڕەفتاری بە کۆمەڵە کە ئەژمارێکی زۆر لە کۆمەڵانی خەڵک تێیدا چالاکانه بەشداری دەکەن. هەرچەند ئەم دیاردەیە لە زۆربەی نووسینەکاندا لە ژێر ناوی ڕەفتاری بەکۆمەڵدا دێتە بەرباس، بەڵام لەگەڵ ڕەفتارە بە کۆمەڵەکانی دیکەدا جیاوازیی بنەڕەتی هەیە. زۆر جار ڕەفتارە بەکۆمەڵەکان به شێوەی فکری، هەستەکی و خۆڕسکانە بیچم دەگرن و پێڕەوی لە ڕێچکە و ئولگوویەکی تایبەتی ناکەن و بە پێچەوانەی بزووتنەوە، زۆربەی جار بێ‌پلان، بێ ئامانج و ناڕێکخراو و بەری لە ئیدئۆلۆژین.

ئانتۆنی گیدێنز ئەم دیاردەیە به شێوازێک لە کردەوەی بەکۆمەڵ بە مەبەستی دەستەبەرکردنی گۆڕان لە بەشێک لە نیزام و سیستەمی ئارایی پێناسە دەکات و دەڵێ "دەکرێ بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی به هەوڵ و تێکۆشانێکی بە کۆمەڵ لە پێناو بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکی هاوبەش یان دابینکردنی ئامانجێکی هاوبەش لە ڕێگای کردەوەیەکی گشتی و بە کۆمەڵ، بەدەر لە دامەزراوە فەرمییەکان، پێناسە بکرێت.

"چەند ڕەهەندیبوون و ناچەقبەستوویی پێکهاتەی کۆمەڵگە لە سەردەمی نوێ، بوو بە هۆی گۆڕانێکی بنەڕەتی لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا کە لە دەوری حیکایەتە هەراوەکان‌دا (metanarrations) بە شێوەی نواندنەوەیی، ڕێکخراوە و ئایدۆلۆژیی توندوتۆڵ پێکی‌هێنابوو و هەموو کێشەکانیان لە خاڵێکی تایبەتدا کۆ دەکردەوە. ئەم گۆڕانکارییە تازانە بە نیاز و ویستی تازەی هێنایە گۆڕێ و بە وتەی گوندێرفرانک بوونە هۆی پێکهێنانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی نوێ. ئەم بزووتنەوانە لە بەستێنی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە سەریان هەڵدا و بە چەشنێک لە پێوەندی ڕاستەوخۆ لە گەڵ دەسەڵاتی سیاسی بەدوور بوون. ئەم بزووتنەوانە لە ڕێگای خۆدەربڕین، دەرچوون لە چوارچێوە و بەرەنگاربوونەوەی ئۆتۆریتە هەوڵ دەدەن گۆڕانکارییەک لە نۆڕم، ڕێسا و بایخەکانی دۆخی داسەپیو و ئاراییدا پێک بێنن. یۆتۆپیای ئەم بزووتنەوانە چەنێک دێموکراسی ڕادیکاڵە کە لەوێدا لایەنە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگە وەکوو تاکەکان، ژنان، کەمەنەتەوەکان و لایەنگرانی ئاشتی و پێکەوەژیان بتوانن خاوەنی دەنگ بن و مافیان بپارێزرێ".

شوناسی نەتەوەیی و بەجیهانیبوون

بەبێ هیچ پاشگر و پێشگرێکی هزری، دینی، نەتەوەیی و چینایەتی، "شوناس" بەشێکە لە پێویستییە ڕەوانی و دەروونییەکانی مرۆڤ و بۆ هەر جۆرە ژیانێکی کۆمەڵایەتی پێویستە. لە نەبوونی چوارچێوەیەک بۆ دیاریکردنی شوناسی کۆمەڵایەتی، ئینسانەکان لێک جیا ناکرێنەوە و هیچکامیان ناتوانن بە شێوەیەکی مانادار و بەردەوام لە گەڵ ئەوانی دیکەدا پێوەندی پێک بێنن. به گشتی، "شوناس" مانا به ژیان دەبەخشێ.

شوناسی نەتەوەیی کە وەک مەفهووم، پێشینەیەکی دورودرێژی نییە و دوای شەڕی سارد و لە گەرمەی شەڕی دژە کۆلۆنیالیدا هاتە نێو ئەدەبیاتی زانستی مرۆڤیەکانەوە، له بیچم‌گرتنی کۆمەڵ و پێکهاتە نەتەوەییەکانی چاخی مودێرندا وەک فاکتەرێکی گرینگ سەرنجی دەدرێتێ. بە تایبەت لەگەڵ پەرەسەندنی ڕەوتی بەجیهانی‌بوون کە بەشێک لە لێکۆڵەران به هۆکاری تێداچوونی نەتەوەکان و شوناسگەلی نەتەوەیی دەزانن، بایەخی زیاتری هەیە. بەپێی ڕوانگەیەک کە لە لایەن زۆرێک لە بیرمەندانی مۆدێڕنیزم و پۆست مۆدێڕنەوە هاتۆتە بەرباس، شوناسگەلی نەتەوەیی لە ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ جیهانی بوون، لە گەڵ کۆمەلێک کێشە و چالنجی جۆراوجۆر بەرەوڕوون.

لە نێوان ڕەوتی بەجیهانی‌بوون و شوناسی نەتەوەییدا یەکەمیان کار لە سەر پانتاییەکی گەورەی جیهانی و ئەوی‌تریان زەمینە و قەوارەیەکی ناوچەیی و لۆکاڵی هەیە. ئەگەر پێناسە و خوێندنەوەیەکی گشتگیر لە شوناس لە ئارادا نەبێ، هیچ گەرەنتییەک بۆ پاراستنی کەرامەتی تاک و غروری کۆڕ و کۆمەڵەکان کە ڕۆڵی کارا و شوێندانەریان لە بنیاتنان و شارستانیەتدا هەیە، بوونی نابێ. لە دنیای ئەمڕۆدا کە خێرایی پەرەپێدان و پێشکەوتن لە گەڵ دەیە و سەدەکانی پێش پێک ناگیردرێ، ئەگەر نەتەوەکان و گەلان دەستیان بە پێناسەیەکی ناجێگیر(بزۆک) بەڵام بەردەوام لە شوناسی خۆیان نەگات، بە کردەوە لە گەردوونەی پەرەسەندنی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی دەردەهاوێژرێن.

لە ڕەوتی بیچمگرتن و پەرەسەندنیدا، جیهانی‌بوون بۆتە هۆی ئەوەی کە نەتەوەکان لە بیری نۆژەنکردنەوەی شوناسی خۆیاندا بن. چیدیکە گەلان ئەو شوناسە داخراو و سەختەیان نییە کە پانتایی تێکۆشان و چالاکییان لە سنووری شەڕ و شۆڕی تایفیدا قەتیس مابێتەوە. وێدەچێ جیهانی‌بوون کاریگەریی خۆی لە سەر شوناسگەلی کۆن و پێشوو دانابێ و خوێنێکی تازەی بەبەر شوناسی نەتەوەییدا کردبێ. بۆ گەیشتن بە قۆناغی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی شوناس، دەربازبوون لە قەیرانی شوناس مەحاڵه، بەڵام تێپەڕبوون لێی پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە فاکتەرگەلی فەرهەنگییەوە هەیە.

کە بگەڕێینەوە سەر دۆخی کورد، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پێکهاتنی بزاڤه کۆمەڵایەتییەکانی کوردی، کێشە و کەلێنی نەتەوایەتییە. بەڵام ئەم پرسە لەم سەردەمەدا زۆر جیاواز لە سەردەمی پێشوو خۆی نواند. یەکەم ئەوەی کە "کوردبوون" و مافی نەتەوەیی واتایەکی تازەی بەخۆوە گرتووە؛ کوردبوون دیاردەیەکی ڕەها و نەگۆڕ نییە کە تەواو کێشەکانی دیکە لە پێناو خۆیدا بخاتە پەڕاوێزەوە و نکۆڵییان لێ بکات، کوردبوون ڕێبازێکی گونجاو و ڕەوایە بۆ گەیشتن به مافە مرۆییەکان و هەروەها وەدەستهێنانی ئەو دەسکەوت و بەرژەوەندییانه کە لە پێکهاتەیەکی نابەرانبەردا لێی زەوت کراوە. کەوایە بزاڤی کۆمەڵایەتیی کوردی لەم سەردەمەدا بەبێ پێوەندی لەگەڵ بزاڤی کرێکاری، بزاڤی ژنان، بزاڤی پاراستنی ژینگە و هەموو بزاڤه دێموکراتیکەکانی تر واتای نییە.

لە پرسی "شوناسی نەتەوەیی کورد"دا دوو چەمکی "کوردبوون" و "کوردایەتی" زۆرترین باس و دەمەتەقەی لە سەرە؛ بە دوور لە یەکتر پێناسەکردنی هەردوو چەمکەکە و، تەنانەت لە بەرانبەر یەکتر دانانیان و دەرهاویشتنی "کوردایەتی" لە ناسیۆنالیزم، بۆچوونێکە کە لایەنی چەپی کوردی بە گشتی و لەم دواییانەدا بەرەی ڕێفۆرمخوازی کوردی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێڕەوی لێ دەکەن. لە بەرانبەردا بۆچوونێک هەیە کە کوردبوون و کوردایەتی لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانی ناسیۆنالیزمی کورد‌دا پێناسە دەکات و هەر جۆرە ئینکارکردنێکی ماف و مافخوازی بۆ کورد لە چوارچێوەی  ناسیۆنالیزمی ئەویتردا دەبێنێ.

لە ئەدەبیات و دەربڕینی ڕۆژانەی خەڵکی ئاساییدا، "کوردایەتی" بە مانای  ناسیۆنالیزم بەکار دێت و ناسێنەری شونانی نەتەوەیی کورد بەرانبەر بە پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکە و لە خۆیدا مەفهومێکی سیاسییە کە لە لایەن بژاردە سیاسی و فەرهەنگییەکانی کوردەوە بەرهەم هاتووە. "کوردایه‌تی مه‌سه‌له‌یه‌کی مه‌عریفی، وجودی و بنه‌مایی پێناسه‌کردنی کۆمه‌ڵه‌ مافێکی سیاسی، کولتووری، ئابوری و مه‌سه‌له‌ی که‌رامه‌تی به‌ کۆمه‌لی کورده‌". کەوابوو نەفسی کوردایەتی زۆر جیاوازە لەو بۆچوونەی کە تەنیا بە بزووتنەوەیەک پێناسەی دەکات و پێێ‌وایە "کوردایەتی بزاوتێکە کە بانگەشەی ڕزگارکردنی کورد دەکات و بە تەمایە قەوارەیەکی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆ بۆ کوردەکان لەسەر خاکی کوردستان درووست بکات".

سیڤان سەعید، لێکۆڵەر لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی شانشی- چین، لە بابەتێکدا لە ژێر ناوی "کوردایەتی و کوردبوون؛ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم"، بە جیاواز و جودا لە قەڵەمدانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان (کوردایەتی) لە  ناسیۆنالیزم کە لە ڕوانگەی ئەوەوە  تەنیا هەمان "کوردبوون"ه، پێی‌وایە: "هەتا کوردایەتی برەوی زیاتر هەبێ، کوردبوون کۆڵەوارتر و پەرێشانتر دەبێ. ئەوەی کە کوردبوون و ناسنامە و سەربەخۆیی کورد و کوردستانی بۆ گرنگە و لە پێناویدا تێ‌دەکۆشێ، دەبێ بە هزر و بە کردەوەش کوردایەتی ڕەت بکاتەوە و وەک دوژمنی کوردبوون پێناسەی بکات". لە بەرانبەردا کەماڵ سولەیمانی، مامۆستا لە لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مێژووی ئیسلام لە زانکۆی کۆلمێکس، لەگەڵ ئەوەیکە کوردایەتی بە جەوهەری شوناسی نەتەوەیی دەزانێ و ئینکارکردنی بە لادان لە  ناسیۆنالیزمی کوردی لە قەڵەم دەدات، ڕەتی دەکاتەوە کە "کوردایه‌تی ته‌نیا مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی بێ که‌ بۆ دانیشتن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی مه‌رکه‌زی و بۆ وەده‌ستهێنانی هێندێک ئیمتیاز که‌ڵکی لێ‌وه‌ربگیرێ". بۆیە "جیاوازیی "کوردبوون” و "کوردایه‌تی" له‌وه‌دایه‌ که، ‌کوردبوون ئیتنیسیته‌یه‌ و وێده‌چی له‌ زاتی خۆی دا هه‌ڵگری هه‌ڵوێستی سیاسی نه‌بێ، به‌ڵام کوردایه‌تی هه‌وڵێکه‌ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافی کورد".

کەوابوو بەربەرەکانێ و ڕاوەستان بەرانبەر بە ئینکارکردنی شوناسی کوردی و ڕاسان بەرانبەر بە شوناسە نەتەوەییە داسەپاوەکان وەک خەسڵەتێکی جەوهەریی خەباتی کورد دەمێنێتەوە و پێوەندیی دیالکتیکیی نێوانی ئینکار و بەرەنگاری، شێواز و تایبەتمەندیی  ناسیۆنالیزمی کورد (کوردایەتی) وەک شوناسی نەتەوەیی کورد پێناسە دەکات.

زۆربەی ئەم بزاڤ و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەی کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا هەن لە ڕوی کارکرد و نێوەڕۆکەوە ماهییەتێکی تەواو شوناسخوازانەی نەتەوەییان هەیە و لە گەڵ ئەوەیکە ناکرێ لە کوردستاندا ئیدیعای دەربازبوون لە قەیرانی شوناسی نەتەوەیی بکرێ، بەڵام شوناسی نەتەوەیی لە کوردستان توانیویەتی له ڕێگای کۆی ئەم بزووتنەوانەوە کە کۆمەڵگەی مەدەنیان پێک هێناوە، خۆی پێناسە بکاتەوە و هەنگاو بەرەو دەربازبوون لە قەیران بنێ و لە هەمان کات دا مودێلێکی نوێ لە کوردایەتی بنیات بنێ.

***

تێبینیی: سەرچاوەکانی بەکارهاتوو بۆ ئەو زنجیرە نووسینە لەسەر "کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان" لە ئەرشیڤی "کوردستان"دان.