کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە چواردەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا مەرگی خۆی بینی

12:52 - 10 پووشپەڕ 2724

ئاماری فەرمیی بەشداری لە چواردەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران ٣٩.٩ لەسەد ڕاگەیەندرا. ئەم ئامارە جارێکی دیکە ڕێکۆردی بێمتمانەیی هاووڵاتییان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی شکاند.

پێشتر ڕێفۆرمخوازەکان لە خولەکانی حەوتم و دەیەم و یازدەهەمدا شەرعیەتی سیستەمەکەیان گەڕاندەوە، بەڵام لەم دوو هەڵبژاردنانەی ڕابردوودا بە تەواوەتی مەشرووعیەتی خۆیان و ڕێژیمان لەدەست دا.

بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ٦١ ملیۆن و ٤٥٢ هەزار و ٣٢١ کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی لە ٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٣دا هەیە، بەڵام ڕۆژی ٩ی پووشپەڕ، دوای ژماردنەوەی دەنگەکان، ڕایگەیاند، ٢٤ ملیۆن و ٥٣٥ هەزار و ١٨٥ دەنگ وەرگیراوە.

بەم پێیە ڕێژەی بەشداریکردن ٣٩.٩ لەسەد بووە و کەمترین ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە کاتی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیران تاکوو ئێستا بووە.

تێکڕای ڕێژەی بەشداری لە چواردەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران کە تا ئێستا بەڕێوە چووە ٦٢لەسەد بووە.

لە ساڵی ١٤٠٠دا لە دوای ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨دا بەشێکی زۆری کۆمەڵگەکە متمانەی خۆیان بە ڕێفۆرمخوازان لەدەست دا و لە خولی سێزدەهەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران کە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٠ بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک دابەزی و براوەی ئەو هەڵبژاردنە ئیبراهیم ڕەئیسی بوو کە بە تەنیا ٣١.٣٠لەسەد دەنگی بەدەست هێنا.

شایانی باسە کە لەو هەڵبژاردنە شتێکی گرینگ کە ڕووی دا ئەوەبوو کە دەنگە باتڵ و سپییەکان لە هەڵبژاردنی سێزدەهەمدا ٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دەنگ بوو کە ١٣لەسەدی کۆی دەنگەکانی پێکدەهێنا.

بەڵام لە خولی چواردەهەمی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری کە بەھۆی کوژرانی ڕەئیسی پێشوەختە بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵکی بۆ کەمتر لە ٤٠ لەسەد دابەزی.

لە هەردوو بەرەی ڕێفۆرمخواز و بناژۆخوازەکان بە تێکڕایی نەیانتوانیووە  ڕێژەی ٦٠ لەسەدی دەنگی خەڵک بەدەست بێنن.