عەلی بداغی
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی ٨ی پووشپەڕدا کەمترین ئاستی بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە مێژووی خۆیدا تۆمار کرد. لەگەڵ ئەوەدا کە بەشێکی ئەم کەمە دەنگەش کە دراوە لەسۆنگەی داماوی و بێدەرەتانیی کەسانێک بووە دڵیان بە کەمترین کرانەوەی سیاسی و ئابووری لە دۆخی وڵات بەهۆی وادە و بەڵێنەکانی کاندیدایەک خۆش بووە کە وەک ڕکەبەری سەرەکیی کاندیدای دڵخوازی نیزام جێ خراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ لە چەند خاڵدا لێکدانەوەیەکی دی بۆ ئەم دۆخە بکەین:
- پێش هەموو شتێک ئەو بەناو هەڵبژاردنەی ڕۆژی هەینی بەڕێوە چوو پتر لەوەی ڕکابەری بۆ گرتنەدەستی جڵەوی سەرکۆماریی نیزام بێت، ململانێی خەڵک و دەسەڵات و ڕێفڕاندۆمی "نا" بە کۆماری ئیسلامی لەلایەن خەڵکەوە بوو، خەڵکێک کە لە ئێستادا هەڵبژاردنەکان وەک ئەکتێکی نافەرمانیی مەدەنی و بایکۆت و سندووقەکانی دەنگدان وەک تاکە چەکی بەردەستی خۆیان لەهەمبەر نیزامی سیاسیی وڵاتدا بەکار دێنن.
- لەگەڵ ئەوەدا تێکڕای ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات بەناو هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کردبوو، لە نێوخۆی وڵاتیشدا زۆر لایەنی سیاسی، کۆڕۆکۆمەڵی مەدەنی، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی دادخوازی ڕۆڵەکوژراو هەڵوێستی بایکۆتیان هەڵبژاردبوو. بەوەش سەرەڕای هەموو بازاڕگەرمی و فرتوفێڵەکانی ڕێژیم بۆ هاندانی پتری خەڵک بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان نەک ڕیزی خەباتی سەرانسەری بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی درزی تێ نەکەوت؛ بەڵکوو خەباتی مافخوازانە دژی ڕێژیم هەنگاوێکی دیکەش بەرەو پێش چوو.
- لە ڕوانگەی عەلی خامنەیی هەر دەنگێک بە هەر کاندیدایەک درابێت، چووەتە نێو هەمبانەی ڕێژیم و هۆکارێک بووە بۆ کڕینی "عیززەت" و "حەیا" لەپێناو "مانەوە و بەردوامی"ی نیزامدا! لەگەڵ ئەوەدا باس لە ئەنگیزەی بەشێکی زۆر لە بەشداران لەو کەمە بەشدارییەشدا کرا کە نیازی دڵیان بە هیچ کلووجێک لەگەڵ بۆچوونەکانی خامنەیی یەک ناگرنەوە؛ بەڵام بەو حاڵەش ئێستا ئیدی خامنەیی هەر بەو مەنتیقەی خۆی دەبێ بۆی دەرکەوتبێ هەر دەنگێکیش لەو بەناو هەڵبژاردنەدا نەچووەتە نێو سندووقەکانی دەنگدانەوە، دەنگی دژ و "نا" بە ڕێژیم بووە.
- ڕێفۆڕمخوازە حکوومەتییەکان لەگەڵ ئەوەدا زیاتر لە سێ دەورە بوو کەوتبوونە بەر غەزەبی خامنەیی و ناوکی دەسەڵات، بەڵام بە خوێندنەوەی هەڵە لە دۆخەکە و سیلەی ڕەحمی ئەمجارەی خامنەیی لە بەشداریپێکردنی سنووردار و چوارچێوەبۆداندراودا پێیان وابوو دەتوانن دیسانەکەش خەڵک هەڵخەڵەتێننەوە و لەو سۆنگەیەوە ببنەوە شەریکە بەشی دەسەڵات. کەچی دەرکەوت وشیاریی سیاسیی خەڵکی ئێران و قووڵایی قەیرانی ڕەواییەتی خۆیان و ڕێژیم زۆر لەوە زیاترە بتوانن خۆی پێ بگرنەوە. بە واتایەکی دی "اصلاحطلب، اصولگرا؛ دیگە تمام ماجرا" هەر دروشمی سەرزاری خەڵک لە خۆپێشاندانەکانی سەرشەقام نەبوو، بەڵکوو نواندنی ئیرادە و شێلگیریی ئەوان بۆ تێپەڕین لە تەواوەتیی ئەم ڕێژیمەیە کە بەردەوام پێشان دەدرێتەوە. ئێستا تاکە کارتی بەردەستی ڕێفۆڕمخوازەکان بۆ ڕاندی دووهەمی هەڵبژاردنەکان لە هەینیی داهاتوودا ترساندنی خەڵک لە هاتنەسەرکاری جەلیلی و سیاسەتەکانیەتی، بەڵام خەڵک لەوەشدا ئەزموونی زۆریان لە گەمەی هەڵبژاردنی خراپ لەهەمبەر خراپتردا هەیە و جارێکی دیکە دەرفەتی بە "خراپ"ێکی دیکە نادەن "خراپتر" لە پێشوویان بەسەر بێنێت.
- مستەفا پوورمحەممەدی، یەکێک لە جەللادەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاویی ڕێژیم تاکەبەربژێری ئاخوندی کەوایشۆڕ لەبەر و مەندیل لەسەر بوو، بەڵام سەتا یەکی دەنگەکانیشی نەهێناوە. ئەوەش دەریخست بەها و بایەخی سیمبولی مەعنەویی دەسەڵاتی ئیسلامی لەلای خەڵک تەنانەت لەلای بەشدارانی بەناو هەڵبژاردنەکەش چەندە؟ وەک چۆن نیزیک بە ٢ میلیۆن دەنگی سووتاو و چرووکی بەشداران ڕێک ٢٠ هیندەی ئەو دەنگە بوو بە پوورمحەممەدیی جەللاد درابوو.
- هەتا کاتژمێر ٧ی ئێوارە و پاش ١١ سەعات کات بۆ دەنگدان بەپێی بیلبوردی وەزارەتی نێوخۆ ئاستی بەشداریی خەڵک سەتا ٢٢ بوو، بەڵام دوای دوو جار درێژکردنەوە هەتا سەعات ١٢ی شەو لە کۆتاییدا ئاستی بەشداری لە بیلبۆردەکەدا نیزیک سەتا ٤٠ پێشان درا. لە کاتێکدا بە شایەتیی هەموو وێنە و فیلمەکان بەدرێژایی ڕۆژ لە هەندێ شوێن و بنکەکانی دەنگدان پەپووش نەیدەخوێند و تەنانەت کارمەندەکانی سەر سندووق خەونووچکە دەیبردنەوە، ئەدی خێرە لە چوار سەعاتی دوایی نیوەشەودا ئاستی بەشداریی دووهیندە ببێت؟ ئەوە ئەگەر ئامارسازیی دەسەڵات بۆ کەمکردنەوە لە تاڵایی شکان و هەرەسهێنانیان لە بەرانبەر ئیرادەی خەڵک و بایکۆت نەبێ چیی دیکەی پێ دەگوترێت؟
- خاڵێکی گرینگی دیکە سێبەری قوورسی بزووتنەوەی ژینا بەسەر بەناو هەڵبژاردنەکانەوە بوو. کۆماری ئیسلامی دەیویست بە هەرجۆرێک بووە بە بردنەسەرێی ئاستی بەشداریی خەڵک، لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا مەشروعییەتی سیاسی بۆخۆی بکڕێتەوە، بەڵام دەنگنەدانی زیاتر لە سەتا ٦٠ی خەڵکی ئێران و زیاتر لە سەتا ٨٠ی خەڵکی تاران -تازە ئەویش بەپێی ئامارە دەستتێبراوەکان- جارێکی دیکە کەلێن و مەودای هەراوی دابڕانی خەڵک و نیزامی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی پێشان دایەوە.
دواجار، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زەوتکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک؛ بە دروستکردنی دەیان قەیرانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کە خەڵک دەبێ تێچووەکەی بدەن، بە سەرکوتی خوێناوی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی مەدەنییەکان بەتایبەت لە بەفرانباری ١٣٩٦ بەولاوە ئیدی هیچ ڕێگایەکی گەڕانەوەی نە بۆخۆی و نە بۆ خەڵک نەهێشتۆتەوە. بۆیە ڕێژیم نە بە "خالسسازی" و "جێگۆڕکێ" بە مۆرەکانی دەتوانێت درێژە بە تەمەنی خۆی بدات، نە خەڵک ئامادەن چیدی لە مەیدانی ڕێژیمدا یاری بکەن و وەک دەبینین چارەنووسی خۆیان لە چارەنووسی ڕێژیم جیا کردووەتەوە، و بە دەربڕینێکی دی داهاتووی خۆیان لە نەمانی ئەم ڕێژیمەدا دەبینن و بۆ ئەوەش لە خەبات بەردەوامن.