کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران: سەرکەوتنی بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکانی ٨ی پووشپەڕ ڕێفڕاندۆمێکی دی دژی کۆماری ئیسلامی بوو

18:33 - 10 پووشپەڕ 2724

کۆمەڵانی مافخوازی ئێران!

خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

وڵاتان، ڕێکخراوە و کۆڕوکۆمەڵە جیهانییەکان!

کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی هەینی، ٨ی پووشپەڕ بەناو هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی سەرۆک‌کۆماریی بەڕێوە برد. ئەم بەناو هەڵبژاردنە لە کاتێکدا کرا کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە تازەترین هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم بۆ مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری و مەجلیسی شوڕای ئیسلامی لە ١١ی ڕەشەمەی ڕابردوودا "نا"یەکی گەورەیان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتبوو. کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی وابوو بە قۆستنەوەی ئەو کەشە سیاسییە تایبەتییەی دوای کوژرانی ڕەئیسی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات خوڵقابوو، هەروەها بە ئەندازیارییەکی نوێ لە چنینی مۆرەکانی بۆ هەڵخڕاندنی خەڵک و بازاڕگەرمی بۆ هەڵبژاردنەکان دەتوانێ ئاستی بەشداریی خەڵک بباتە سەرێ و، بەوەش شەرعییەتێک بۆ خۆی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا بکڕێتەوە.

هێنانەوەی ئیسلاح‌تەڵەبە حکوومەتییەکان بۆ نێو گەمەکە و هەوڵدان بۆ دووجەمسەریکردنەوەی هەڵبژاردنەکان تاکتیکێکی دیکەی ڕێژیم بۆ هاندان و دنەدانی خەڵک بە مەبەستی بردنەسەرێی ئاستی بەشداریی خەڵک بوو. هەروەها ڕێگەپێدان بە کاندیداکان لە چوارچێوەیەکی کۆنتڕۆڵکراودا بۆ ورووژاندنی هەندێک بابەتی هەستیار و بەڕواڵەت بردنەژێر پرسیاری کار و کارنامەی یەکتری بۆوەی ئەمجارەش ئامانجەکانی ڕێژیم لە ڕێگەی هەڵبژاردنی لانیکەم کەسی "خراپ" لە بەرانبەر "خراپتر"دا لەلایەن خەڵکەوە وەدی بێت. بەڵام هەڵوێستی کۆمەڵگە و ڕەفتاری سیاسیی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران پلان و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیی مایەپووچ کردەوە.

هەر بەپێی ئاکامە ڕەسمییە ڕاگەیەندراوەکان کە زۆربەی چاودێرانی سیاسی بە گومانەوە لێی دەڕوانن و پێیان وایە دەستیان تێ براوە، ئاستی بەشداریی خەڵک کەمتر لە سەتا ٤٠ بووە، واتە ساردوسڕترین هەڵبژاردن لە هەموو مێژووی کۆماری ئیسلامیدا و ساردتر لە هەڵبژاردنەکانی خولی سێزدەهەمیش کە تێیدا ئیبڕاهیم ڕەئیسی بە ڕکابەری لەگەڵ دەنگی سووتاودا ناوی لە سندووقەکان هێنرایە دەر. ئەمەش ئاکامی پێگەیشتوویی سیاسیی خەڵک و گەشەی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێرانە.

کاتێک خامنەیی بە پاڕانەوە خەڵکی بۆ سەر سندووقەکان بانگ دەکرد و دەیگوت نابێ بۆ کارێک کە نە زەحمەتی هەیە و نە هیچی تێدەچێ دوودڵ بن، چونکی هەر دەنگێکی ئێوە کۆڵەکەیە بۆ ڕاگرتنی ئەم نیزامە؛ خەڵک بەبێ دوودڵی و بە ئیمان بە دروستیی هەڵوێستەکەیان "نا"یان بە ڕێبەری ڕێژیم گوت بۆ ئەوەی بڵێن هەر دەنگێک کە نەخراوەتە سندووقەکانەوە دەنگی دژ و بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامییە.

سەرکەوتنی بایکۆتی بەناوهەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری پێشانی دایەوە کە خەڵکی ئێران چیتر ئامادە نین بە هەڵبژاردن لەنێوان خراپ و خراپتردا چارەنووسی ژیان و داهاتووی خۆیان بە ئیرادەی ڕێژیم بسپێرن، دەریخستەوە کە نە بەوادە و بەڵێنی درۆ و هەڵخەڵەتێنەر دڵخۆش دەبن و نە دەنگی خۆیان دەکەنەوە بە ئامرازێک لە دەستی کۆماری ئیسلامیدا بۆ کڕینەوەی مەشرووعییەتی نەبووی. بایکۆتی بەربڵاوی هەڵبژاردنەکان شێوە ڕێفڕاندۆمێکی ئاشکرا بوو دژی کۆماری ئیسلامی و پتر لە چوار دەیە کوشتار، جینایەت، گرتن و ئێعدام، گەندەڵی و زەوتکرانی سیستماتیکی ماف و ئازادییەکانیان بەهۆی دەسەڵاتی ڕێژیمەوە.

بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ٨ی پووشپەڕ درێژکراوەی ناگوتن بە ڕێژیم لە هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمەی ڕابردوو و لە هەمان‌کاتدا بریسکانەوەی بزووتنەوەی ژینا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و بەردەوامیی خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی ئێران بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی بوو. ئێستاش کە هەوڵەکانی ڕێژیم لە قۆناغی یەکەمدا هەرەسی هێناوە، چاوی هیوای لە قۆناغی دووهەم و هەینیی داهاتوو بڕیوە هەتا لەڕێگەی وێناکردنی چەواشەکارانەی ململانێی دوو گوتاری دژبەیەک بۆ هاندانەوەی خەڵک، هەروەک خامنەیی دانی پێدانا ئابڕوو و حەیایەک بۆ مانەوەی ڕێژیمەکەیان بکڕنەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی سەرکەوتنی بایکۆت و ئیرادەی خەڵک لە هەموو گەلانی ئێران بەتایبەت گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە کەمترین ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی تێدا تۆمار کرا، داوای بەردەوامیی ئەم خەبات و خۆڕاگرییە لە قۆناغی دووهەمی هەڵبژاردنەکانیشدا دەکات. حیزبی دێموکرات هەر لەو چوارچێوەیەشدا  دەوری کاریگەری حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، ژنان و لاوان؛ بژاردە سیاسی، ڕووناکبیری و ئایینیەکان؛ مێدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەرخستنی هەڵوێستی بایکۆت و تۆمارکردنی ئەم سەرکەوتنە بەسەر ڕێژیمدا بەرز دەنرخێنێت.

لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئاکامی ئەو بەناو هەڵبژاردنە تازەیەی کۆماری ئیسلامی هەڵگری پەیامێکیش بۆ وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانییە کە ئەو ڕێژیمە شەڕاشۆ و قەیرانخوڵقێنە کە ئارامی و سەقامگیریی لە ناوچە هەڵگرتوە، لە نێوخۆی وڵاتدا چەندە لەهەمبەر ئیرادەی خەڵکدا زەبوونە و دەسەڵات و هەیمەنەی چەندە داڕووخاو و تێکڕماوە. بۆیە وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە دەنگی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێران بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی ببیستن و دەرفەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ جینایەت‌خوڵقێنی و سەرکوتی زیاتری جووڵانەوەی نارەزایەتیی خەڵک نەدەن. حیزبی دێموکرات هاوکات سەرکەوتنی بایکۆتی ئەمجارەش بە دەسمایەیەکی گرینگ بۆ یەکگری و هاوخەباتیی هەموو لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانی ئێران بۆ پەرەدانی زیاتر بە خەبات و تێکۆشانی هەمەلایەنە و فرەڕەهەند لەدژی کۆماری ئیسلامی و سەرکەوتن بەسەر ئەم ڕێژیمە دەزانێت.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٣