هەردی سەلیمی
"بۆ نەتەوەیەک – وەک هەندێک لەو نەتەوانەی کەوا دەیانبینن بە هەموو دەماربەرزییەک وا هەیانە – شەرمە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارییەکەیاندا، ٣٥ یا ٤٠٪ی ئەوانەی دەتوانن بەشدار بن، بەشداری بکەن. ئەمە دەرخەری ئەوەیە ئەو خەڵکە نە متمانەیان بە سیستمی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان هەیە نە بۆیان گرینگە و نە هیواشیان پێیەتی." ئەمە بەشێک لە قسەکانی "عەلی خامنەیی"ـیە لە وتاری نوێژی هەینیی ڕۆژی ٢٨ـی بانەمەڕی ١٣٨٠ لە تاران.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کە لایەنگرەکانی بە "بەسیر" و "فەرزانە" ناوی دێنن، لەو کاتەدا سەرخۆش و لەخۆباییی ٢ی جۆزەردانی ساڵی ٧٦ بوو، بۆیە ئاوا بە بڕوابەخۆیییەوە باسی لە بەوتەی ئەو "ئابڕووچوون"ـی نەتەوە و دەسەڵاتی وڵاتانی دیکە دەکرد، بەڵام دوێنێ سواڵی دەنگ و بەشداریی دەکرد و بینیشمان چەندە دەستی درێژبووی لەلایەن خەڵکەوە پڕ کرا!
ئەگەر لە چەند بەناو هەڵبژاردنی ئەم ساڵانەی دوایی ورد بینەوە، ئەوەی بە ئاشکرا بۆمان دەردەکەوێ هەمان شکستی قۆناغ بە قۆناغ و بەردەوامی سیاسی و ڕەواییی کۆماری ئیسلامی بووە، بەڵام دوێنێ وێڕای ئەوەی شکستێکی پشتشکێن بوو بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لە هەمان کاتدا وتەکەی خامنەیی بە پێوەر بگرین "ئابڕوو"شیان لەسەر دانا ئەڵبەت گەر وا دابنێین ئابڕوویەکیان بووبێ.
مەترسیی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل، دۆخی داڕماوی ئابووریی ئێران، کێشەی حیجاب وەک یەکێک لە سەرەکیترین کێشە کۆمەڵایەتییەکان، داننان بە کاریگەربوونی تەحریمەکان لەلایەن بەربژێرەکانەوە لە دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا، هاواری کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ ئەوەی وا بنوێنن لەدوای مردنی سەرۆککۆماری پێشوو ئێران لە قەیرانێک کەوتووە و دەبێ فریای کەون، باس لە پێویستیی گۆڕینی سیاسەتی دەرەوە، ترساندنی خەڵک بۆ ئەوەی ڕەییسییەکی تر نەبێتەوە بە سەرۆککۆمار، هێنانەوە مەیدانی ئیسڵاحخوازانی حکوومەتی و زۆر هۆکار و هاندەری تریش کە ڕیز کرابوون بۆ ئەوەی ڕێژەی بەشداری ببەنە سەرەوە، بەڵام بە بایکۆتی بەربڵاو و یەکدەستی خەڵک ئابڕووی پێشتر چوویان چووە سەفەرێکی دوورودرێژتر.
گەر لە ساڵی ٩٦ دروشمی سەر شەقام، تێپەڕین لە هەردوو باڵی بناژۆخواز و ئیسڵاحخوازی ڕێژیم بوو، لە ئەمڕۆدا لە گۆڕەپانێک کە دەسەڵات دیاریی کردبوو، بەکردەوە نیشان درا ئەوە دروشمێکی نێوبەتاڵ نەبووە و پتر لە پێشووتر چەسپاوە و بووەتە باوەڕێکی نەگۆڕ، ئەمجار کارتی "خاتەمی"ـیش نەیخوارد و فریایان نەکەوت.
خوێندنەوەیەکی گرنگی تریش دەکرێ بۆ ئاکامی ئەم پرۆسەی دەنگوەرگرتنە - دەنگوەرگرتن و هەڵبژاردن دوو چەمکی لێکجیان - بکرێ. ئامارە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێژەی بەشداریی پارێزگاکانیشیان دیاری کردووە و پەیامی گرینگی تێدایە بۆ هەموو چاودێرانی سیاسیی ئێران. ڕاستە جگە لە لایەنگرانی دەسەڵات کەس بڕوای بە ئامارەکانی کۆماری ئیسلامی نییە و بۆ پشتپێبەستن نابێ، بەڵام بەو حاڵەشەوە هەر ئەو ئامارە پەیامێکی ڕوونی پێیە.
لەگەڵ ئەوەی وەک باس کرا ڕێژەی بەشداری لە ئاستی سەرانسەری ئێراندا کەم بوو، بەڵام لەنێو ئەم کەمەشدا کەمترینەکانیش شایانی سەرنجن. پارێزگای سنە، شاری تاران، پارێزگاکانی خووزستان (عەرەبستانی ئێران)، بەلووچستان و گیلان لە ڕیزی یەک تا پێنجەمی کەمترین بەشداریدان. جگە لەوەی خودی شاری تاران حەشیمەتێکی زۆری لە نەتەوەکانی تر لەنێو خۆیدا جێکردووەتەوە یەک لەوانەش کورد کە چەند ملیۆن کەسێک دەبن، بەڵام دەکرێ خوێندنەوەی سیاسیی بۆ ئەم شارە بکرێ کە وەک پێتەختی سیاسیی ئێران و ناوەندی ئەو وڵاتە بەشدارییەکی زۆر کەمی هەبووە و نیشان لە بێهیوایییەکی قووڵ و لەدەستدانی ڕەواییی کۆماری ئیسلامییە لە ناوەندی دەسەڵاتەکەیدا، بەڵام بابەتی ئەو چوار پارێزگای تر دەتوانێ جیاوازتر بێ.
لەگەڵ ئەوەی بێگومان بۆ ئەم خوێندنەوەیە دۆخی سیاسی و ئابووری و دواکەوتووییی پیشەیی و لەو چەشنە بابەتانە لەبەرچاو گیراون، بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بکرێ چوار نەتەوەی کورد، عەرەب، بەلووچ و گیلەک کە لەم ڕێژەیەدا بەرچاوترینن، شوناسخوازییەکەیان لە ئاستێکی بەرزدایە و ئەمە پەیامێکە بۆ هەموو دەسەڵاتەکانی ئێستا و داهاتووی ئێران. دەنگنەدانی فارسێکی تارانی لەگەڵ دەنگنەدانی کورد و عەرەب و بەلووچ و گیلەکێک نابێتە یەک و خوێندنەوەی وەک یەکیان بۆ ناکرێ. ئەم بەشدارینەکردنە پڕواتایە - لوڕ و تورکمەنیش دەگرێتەوە و ئەوانیش هەر ڕێژەی بەشداریکردنیان کەم بووە – لەگەڵ ئەوەی بەرچەسپێکی بەحەقی شەرمی ناوە بە نێوچاوانی خامنەیی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە، پشتی سیاسەتی ناوەندگەرایییشی شکاندووە و پەیامێکی ڕوونە و وتنی نایەکی بەرزە بە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییش کە خەون و خەیاڵی دەسەڵاتێکی ناوەندگەرای تر لە مێشک و دڵیاندایە؛ پەیامەکە ئەمەیە: هەتا بەدەستهێنانی مافە یەکسانەکان بۆ هەموو نەتەوە ژێردەستەکان ئەم نافەرمانی و هەوڵ و خەباتانە بەردەوام دەبن.