کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لە سروشتی هەواری گاهۆڵ لە شاهۆ لە ئاگردا سووتا

23:13 - 2 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: بەشێک لە دارستان و لێڕەوارەکانی هەواری گاهۆڵ لە گوندی داریان سەربە شارستانی پاوە، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لەناوچوون.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣١ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، ئاگرکەوتنەوەیەک لە کوێستانەکانی چیای شاهۆ لە نزیک گوندی \'\'داریان\'\' سەربە شارستانی پاوە، لە شوێنێک بەناوی \'\'گاهۆڵ\'\' رووی دا.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەو ئاگرە لەلایەن کەس، یان کەسانێکی نەناسراوەوە رووی داوە و بە هەوڵ و ماندووبوونی ژینگەپارێزانی ناوچەکە و خەڵکی گوندی داریان کۆنترۆڵ کراوە و نەیانهێشتووە لەوە زیاتر تەشەنە بستینێ.

دەوترێ چەند کاتژمێر پێش ئاگرکەوتنەوەکە ژمارەیەک هاووڵاتی بە مەبەستی فریاکەوتنی کەسێک کە بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایییەکانی \'\'گاهۆڵ\'\' بریندار ببوو، چووبوونەوە ئەو شوێنە و پاش گەڕانەوەیان ئاگر کەوتنەوەکە رووی داوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە رێژەی زیانەکانی ئەو ئاگرکەوتنەوە رانەگەیەنراوە.

بەپێی ئاماری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٤٤ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەکانی سەربە شارستانەکانی سەوڵاوا و مەریوان رووی داوە.