کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی داخرانی لەسەدا ٤٧ی کارخانەکانی ئورمیە، ١٨ هەزار کەس بێکار بوون

16:27 - 3 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: لەسەدا ٤٧ی بەشی پیشەیی و کارخانەکانی پارێزگای ئورمیە داخراون و هەنووکە لە حاڵەتی رکوود و داوێسیان دان.
بەگوێرەی راگەیەنراوی فەرمیی بەرپرسانی رێژیمی ئێران، لە کۆی گشتیی دوو هەزار و ٨٠٠ یەکەی بەرهەمهێنان، یەک هەزار و ٢٤٥ یەکەیان داوێسیاون و ئەمەش بێکاریی ١٨ هەزار کەسی لە پارێزگای ئورمیەدا لی کەوتووەتەوە.

بە هەژمارکردنی ئەم هەژدە هەزار کەسە، هەنووکە لە پارێزگای ئورمیە یەک سەد و هەژدە هەزار بێکار لەو پارێزگایەدا بوونی هەیە.

بە وتەی بەرپرسانی رێژیم هۆکاری داخران، یان داوێسیانی یەکەکانی بەرهەمهێنان لە پارێزگای ئورمیە و بگرە لە سەرانسەری ئێرانیش، گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەو وڵاتەیە کە لەلایەن ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بەسەریدا سەپاوە.

پارێزگاری ئورمیە لەو پێوەندییەدا رایگەیاندووە: گەمارۆکانی بوونەتە هۆی ئەوەی کە یەکەکانی بەرهەمهێنان توانای کڕینی ماددە سەرەکییەکانیان نەبێت.

هەروەها وتوویەتی: هەڵکشانی نرخی ئەرز و دۆلار لە بازارەکاندا کاریگەریی لەسەر داخرانی یەکەکانی بەرهەمهێنان و کارخانە پیشەیی‌یەکاندا داناوە.