کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٢ی رێبەندان

14:55 - 30 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٢ی رێبەندان ٦٨ەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.


دەقی بەیاننامەکە کە نوسخەیەکی بە کوردستان میدیا گەیشتووە، بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانانی کوردستان
مامۆستایان وقوتابییانی تێکۆشەر

ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکەم کۆماری دیمۆکراتیک ومۆدێڕنی کوردی واتە کۆماری کوردستان لە ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاویدا کە لەسەردەمی خۆیدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ وێنە و بێ هاوتا بوو لە هەموو مامۆستایان و قوتابییانی خۆشەویست پیرۆزبێ. پێشەوا قازی محەممەد رێبەری حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە هەلومەرج و بارودۆخێکدا کۆماری کوردستانی دامەزراند کە دیکتاتۆرییەت باڵی بەسەر ئێران و ناوچەکەدا کێشابوو. پێشەوای کوردان توانیی بە خوێندنەوەی لەمپەرەکانی سەر رێگای گەیشتن بە ئازادی و دیمۆکراسی و مافی نەتەوایەتی، سروودی ئەی رەقیب، ئاڵای کوردستان، ناوی پێشمەرگە، نووسین بە زمانی کوردی، مافی ژنان و یەکسانی و دادپەروەری بکاتە هەوێنێک بۆ دواڕۆژی نەتەوەکەمان. پێشەوا قازی محەممەد بەو هەنگاوە شۆڕشگێرانە توانیی دوورە دیمەنی خەباتی کوردایەتی وێنا بکات کە بۆ هەتا هەتایە لە مێژووی خەباتی میللی ــ دیمۆکراتیکی نەتەوەی کورددا وەک رێبازێکی هەمیشەیی دەمێنێتەوە.
مامۆستایان و قوتابییانی خۆشەویست

کاریگەریی دامەزراندنی کۆماری دیمۆکراتیکی کوردستان لەسەرمێژووی سیاسی و خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد لە ئێران و پارچەکانی دیکەی کوردستان ئەوەندە زەق و بەرچاوە کە تەنانەت دوژمنانی گەلی کوردیش ناتوانن نکۆڵیی لێ بکەن. بلیمەتی، وردبینی، ئازایەتی و کوردپەروەری و دادپەروەری وەک کۆمەڵێک تایبەتمەندیی بەرز و بە نرخی کەسایەتیی پێشەوا لە بیرناچێتەوە و بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ و دواڕۆژ وەک قوتابخانەیەک ئیلهام بەخشی ئیستا و داهاتوویە. لە کاتێکدا کە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بە چۆکداهێنانی قوتابییانی پێشەوا لە هیچ زەبر و زەنگ وخەفەقانێک ناپرینگێتەوە ودەستیان داوەتە رەشەکوژی و کپکردنی هەرجۆرە بیر و هزرێکی جیاواز، بەڵام ئێمە مامۆستایان وقوتابییانی بەئەمەگی رێبازی کوردایەتی و پێشەوا، پەیمان لەگەڵ رێبازی کۆماری کوردستان نوێ دەکەینەوە کە هەتا وەدیهێنانی مزگێنیی ئازادی و دابینکردنی مافی نەتەوایەتیمان لەخەبات و تێکۆشان بۆساتێکیش نەوەستین.
جارێکی دیکەیش ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و هەڵدرانی ئاڵای کوردستان لە بەشێک لە نیشتمانی ئازادمان بەدەستی پێشەوای کوردان بەهەمووخەڵکی کوردستان، بەتایبەتی مامۆستایان و قوتابییانی خۆشەویست پیرۆزبایی دەڵێین و ئاواتەخوازین ساڵێکی دیکە لە کوردستانێکی ئازاد ولە قوتابخانەکانی کوردستان، لەوانەکاندا باسی کۆمار و بەرخۆدان و رابردووی خەباتی نەتەوەکەمان بکەین.
سڵاو لە دامەزرێنەری کۆماری کوردستان
بژی کورد و کوردستان
یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران
٣٠ بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی