کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکڕای گەوڕ و کەوێڵی کاسبکارانی نەوسوود لەلایەن رێژیمەوە تێکڕووخێنرا

17:54 - 9 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: تەنیا رێگەی دابینکردنی داهات و بژیویی ژیانی هاووڵاتییان لەلایەن رێژیمەوە بەربەستی بۆ دروست دەکرێ و ئەمڕۆ تێکڕای کەوێڵی کاسبکاران لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە تێکڕووخێنرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، تێکڕای گەوڕ و کەوێڵی هاووڵاتییان و کاسبکارانی کورد سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەپێی بڕیاری دادستانیی شارستانی پاوە و فەرماندەهیی هێزەکانی ناسراو بە \'\'هەنگی مەرزیی پاوە و گرووهانی مەرزیی نەوسوود\'\' تێکڕووخێنرا.

ئەو گەوڕانە لەسەر رێگای نەوسوود ــ شۆشمی هەڵکەوتبوون و کاسبکاران و کۆڵبەرانی سەر سنووری نەوسوود، لەو گەوڕانەدا پارێزگارییان لە ئەسپە بارهەڵگرەکانیان دەکرد.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەهێزێکی زۆری نیزامییەوە ئەو کاولکارییەی ئەنجام دا و هاووڵاتییانیش هەبوونی ئەو هێزە زۆرە بە مەبەستی تۆقاندن و چاوترسێن کردنی خاوەن کەوێڵ و گەوڕەکان لێک دەدەنەوە هەتا پێش بە هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک بگرن.

پێشتر لە راگەیەنراوێکدا هەواڵی رووخاندنی ئەو کەوێڵانە بە هەواڵاتییان راگەیەنرابوو کە هەواڵەکەی لە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'دا بڵاو کرایەوە.

بەهۆی نەبوونی پیشە و کار لە کوردستان بە گشتی و ناوچە سنوورییەکان بەتایبەتی، زۆرینە هاووڵاتییان و دانیشتوانی ناوچەی نەوسوود و دەوروبەری بە ناچاری لە رێگای کاری پڕ مەترسیی کاسبی و کۆڵبەرییەوە، بژیویی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین دەکەن.

8792.jpg