کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی موهەندیس رەزا خەیاتی لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکرات بە خاک سپێردرا

19:32 - 26 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: تەرمی موهەندیس رەزا خەیاتی کادری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە بەهۆی رووداوی دڵتەزێنی ماشین کۆچی دوایی کردبوو، لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکرات بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.


بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\' پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی تەرمی شەهید موهەندیس رەزا خەیاتی تێکۆشەری دێرین و ناسراو و یەکێک لە دامەزرێنەرانی رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران بە بەشداریی \'\'مەسعوود تەک\'\' سکرتێری پارتی سوسیالیستی کوردستانی باکوور، \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتی و ئەندامانی رێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گۆڕستانی شەهیدانی ئەو حیزبە بە خاک سپێردرا.
پاش ناشتن و ئەسپەردەکردنی تەرمی ئەو شەهیدە، لە بنکەی دەفتەری سیاسی رێوڕەسمێکی پرسە و سەرەخۆشی بۆ موهەندیس رەزا خەیاتی بەڕێوەچوو و تێێدا مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە کەسایەتیی ئەو خەباتکارە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
مستەفا هیجری وێڕای ئاماژە بە خەباتی ٣٣ ساڵەی موهەندیس رەزا خەیاتی، وتی: بەشداریی هاونیشتمانییانی تورکی ئازەریمان لە خەباتی نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دژی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ئێراندا، نیشانەی هاوخەباتیی و هاپەیوەندیی هەر دوو نەتەوەی کورد و ئازەرییە و ژمارەیەکی زۆر لە برا ئازەرییەکانمان لە ریزی تێکۆشەرانی نەتەوەی کورددا گیانیان فیدا کردووە کە موهەندیس رەزا خەیاتی یەکێک لەو نموونانەیە.
هیجری وتیشی: موهەندیس خەیاتی لە ماوەی خەباتی لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بە دڵسۆزییەوە هەڵدەسووڕا و ئەو ئاستەنگ و گەفتەکانە کە لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆی دروست دەکرا هیچ کات ئەو تێکۆشەرەی تووشی دوڕدونگی نەکرد و لە خەباتەکەیدا هەتا دوا ساتەکانی ژیانی بەردەوام بوو.
پاشان حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، راگەیەنراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی بەبۆنەی کۆچی دوایی موهەندیس رەزا خەیاتی خوێندەوە و دوابەدوای ئەوەش \'\'ئیلهام چایچی\'\' بووکی موهەندیس رەزا چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.