کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقەی هێزە نیزامییەکانی رێژیم، سووتانی سەدان هێکتار لە دارستانەکانی سەردەشتی لێ کەوتەوە

16:40 - 7 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاتی تەقەکردن لە کۆڵبەرانی ناوچەی سنووریی ئاڵانی سەردەشت، بوونە هۆی روودانی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لەو ناوچەیەدا.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢ی گەلاوێژ، پاش تەقەی هەنگی مەرزیی سەردەشت لە کۆڵبەرانی سنووری ناوچەی ئالان سەربە شارستانی سەردەشت، بەشێکی زۆر لە دارستان و باخی ناوچەکە لە ئاگردا سووتان.

لەم ئاگرکەوتنەوەیەدا سەدان هیکتار لە دارستان و باخی دانیشتوانی گوندەکانی \'\'زەردەکانی، هەرزنێ و گاکێ\'\' لە ئاگردا سووتاون و زیانێکی ماددی زۆر بە هاووڵاتییانی ناوچەی ئالان گەیشتووە.

ئەم ئاگرە هەتا رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٥ی گەلاوێژ بەردەوام بووە و لەلایەن هاووڵاتییانی ناوچەی \'\'ئالان\'\'ەوە کۆنترۆڵ کراوە.

لە چەند مانگی رابردوودا بەشێکی زۆر لە دارستان و لێڕەوارەکانی مەریوان، روانسەر، جوانڕۆ، سەوڵاوا، سنە و سەردەشت لەلایەن کەس، یان کەسانێکی نەناسراوە ئاگریان تێ بەردراوە و سووتان.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەندێک لە حاڵەتەکانی ئەو ئاگرکەوتنەوانەی کوردستاندا، پێشگیریی لە هەوڵی خۆڕسکی هاووڵاتییان و چالاکانی ژینگەپارێزی لەمەڕ کوژاندنەوەی ئاگرەکان کردووە.