کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی نەتەوەیی نەورۆز لە کوردستان بەرز راگیرا

18:04 - 2 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لە ژمارەیەک لە شار و گوندەکانی کوردستان سەرەڕای داسەپاندنی دۆخێکی ئەمنیەتی، بەڕێوەچوو.


راپۆرتی بەشێک لەو رێوڕەسمانە کە بە کوردستان میدیا گەیشتووە بەم چەشنەیە:

ئورمیە

هاووڵاتییانی ناوچەی راژان و دزەی مەرگەوەڕ لە ئورمیە، رێوڕەسمی جێژنی نەورۆزیان سەرەڕای هەبوونی کەش و دۆخێکی ئەمنیەتی کە لەلایەن هێزە ئینتزامی و لیباس شەخسییەکانەوە داسەپابوو، بەڕێوەبرد.
لەو رێوڕەسمەدا هاووڵاتییان بە خوێندنەوەی سروودی حەماسی و شۆڕشگێرانە و هەڵکردنی ئاگر و داوەت گێڕان و هەڵپەڕکێ، بە بێ گوێدان بە دۆخی ئەمنیەتی و هێزەکانی رێژیم، جێژنی نەتەوەیی نەورۆزیان بەرز راگرت.
پاوە

رێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لە شاری پاوە و گوندەکانی دەوروبەری لە کاتێکدا بەڕێوەچووە کە هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئەمنیەتی کردنی ناوچەکە کە هەوڵی تێکدانی ئەو رێوڕەسمەیان دەدا، بەڵام رێوڕەسمی جێژنی نەورۆز بە پێچەوانەی ویستی مەئموورانی رێژیم لەو شارەدا بەڕێوەچوو.
لاوانی نیشتمانپەروەری شاری پاوە لە جاددەی تەکیە و دەرەنیشە، رێوڕەسمی نەورۆزیان بە کردنەوەی ئاگر و شایی و هەڵپەڕکێ بەڕێوەبرد.
هەروەها لە گوندی نەیسانە سەربە شارستانی نەوسوود رێوڕەسمی جێژنی نەتەوەیی نەورۆز بە بەشداریی جەماوەری ناوچەی نەوسوود و پاوە و ئاوایی‌یەکانی نەروی، تەشار، وەزڵی، شێخان، شەڕەکان، دشە، دووریسان و خانەگا، لە کەش و دۆخێکی شۆڕشگێرانە و حەماسیدا بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی نەیسانە کاتژمێر ٨ی پاش‌نیوەڕۆ بە خوێندنەوەی سروودی \'\'ئەم رۆژی ساڵی تازەیە\'\' لەلایەن تیپی مۆسیقای \'\'ئارۆ\'\' و بەشدارانی جێژنەکە دەستی پێکرد و دواتر شاعیران و نووسەرانی لە وەسف و فەلسەفەی نەورۆز و ژیانەوەدا شێعر و بابەتی خۆیانیان پێشکەش کرد.
پاراستنی ژینگەی کوردستان، دروشمی سەرەکیی رێوڕەسمی گوندی نەیسانە بوو.
ئەو رێوڕەسمە بە هونەرنەمایی تیپی مۆسیقای \'\'ئارۆ\'\' و شایی و سەما و رەشبەڵەکی بەشدارانی هەتا ١٢ شەو درێژەی کێشا.
لەو رێوڕەسمەدا لاوانی نیشتمانپەروەری بەشداری رێوڕەسمەکە بڕیاریان دا لەژێر رۆشنایی دروشمی \'\'پاراستنی ژینگەی کوردستان\'\' ژینگەی ئەو ناوچەیە لە پاش رێوڕەسمەکە لە زبڵ و خاشاک خاوێن بکەنەوە.
مەریوان

لە گوندی نێ سەربە شاری مەریوان لاوانی ئەو ئاوایی‌یە و گوندەکانی دەوروبەری بە کردنەوەی ئاگری نەورۆز و خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و شایی و هەڵپەڕکێ پێشوازییان لە ساڵی نوێی ٢٧١٤ی کوردی کرد و ئەو رۆژە نەتەوەیی‌یەیان بەرز راگرت.
هەروەها لە زۆرەبەی گەڕەک و ناوچەکان و دێهاتەکانی شاری مەریوان بەتایبەت لە گوندەکانی، دەرەتفێ، جۆڕ و نەنە و ئاوایی یەنگیجە، سەرەڕای حاکم بوونی فەزایەکی ئەمنیەتی و قەدەغەکرانی بەڕێوەچوونی ئەو رێوڕەسمە، ئاگری نەورۆز هەڵکرا و لاوان و هاووڵاتییان ئەو بۆنە نەتەوەیی‌یەیان بەرز راگرت.
بەپێی راپۆرتەکان هێزەکانی سپای پاسداران لە گوندی سەردۆش بە کۆکردنەوەی گرووپی مووزیک کە بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی نەورۆز لەو گوندە دامەزرابوو، رێگری لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی نەورۆز کرا.
هەروەها لە گوندی دەرەکێ هێزەکانی پاسگای رێژیم لەو گوندە بە کۆکردنەوەی دار و چیلکەکان کە تایبەت بۆ کردنەوەی ئاگری نەورۆز دانرابوون، لە هەوڵی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی نەورۆزدا بوون، بەڵام لاوانی ئاوایی دیسانەوە بۆ جارێکی دیکە شوێنی ئاگرکردنەوەکەیان رێکخستەوە و بە هەڵپەڕکێ لە دەوری ئاگرەکەدا و پیرۆزبایی کردن لە یەکتر، ئەو بۆنە نەتەوەیی‌یەیان بەرز راگرت.
رێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لە گوندی دەرەکێ لە کاتێکدا بەڕێوەچوو، کە دەست و پێوەندییەکانی رێژیم بە پڕوپاگەندە و تەبلیغی مەنفی و هەروەها میلیتاریزەکردنی ئاوایی لە هەوڵی پێشگیری لە بەڕێوەچوونی ئەو بۆنە نەتەوەیی‌یەدا بوون.
هاووڵاتییەکی گوندی دەرەکێ بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: کردنەوەی ئاگر لە نێوەڕاستی ئاوایی و لە زۆربەی بەرزایی‌یەکان و ئەنجامدانی شایی و هەڵپەڕکێ، وەڵامێکی توند بوو لەدژی تەبلیغاتی رێژیم و دەست و پێوەندییەکانی لەو ناوچەیەدا\'\'.

پیرانشار

هاووڵاتییانی نیشتمانپەروەری گوندی نمنجە سەرەڕای پێشگیری و گوشاری هێزەکان و مەئموورانی لیباس شەخسیی رێژیم، بە کردنەوەی ئاگر و شایی و گۆڤەند رێزیان لەو بۆنە نەتەوەیی‌یە گرت.
رێکەوتی ١ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە ئاوایی‌یەکانی \'\'سیلوە، ماشکان، گردکاولان و هەمزاوای خواروو\'\'ی سەربە پیرانشار ئاگری نەورۆز کراویەوە و رێز لەو بۆنە نەتەوەیی‌یە گیرا.