کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە دەڤەری واشینگتۆن بەڕێوەچوو

16:06 - 29 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: بە مەبەستی پیرۆزكردنی ٦٨مین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێمۆكرات، لە دەڤەری واشینگتۆن، رێوڕەسمێك بە بەشداریی كۆمەڵێك لە ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێمۆكرات و نوێنەری حیزب و رێكخراوە سیاسییەكانی هەر چوار بەشی كوردستان بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەرەتای رێوڕەسمەكە بە سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی یەك خولەك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان دەستی پێكرد.
پاشان پەیامی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات لەلایەن شێركۆ پووردڵ بەرپرسی تەشكیلاتی حیزبی دێمۆكرات لە ئەمریكا، پێشكەش كرا و دواتریش پەیامی یەكیەتییەكانی لاوان، ژنان و خوێندكارانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە لایەن \'\'جەعفەر شكاك\'\'ـەوە خوێندرایەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا پەیامی پیرۆزبایی كۆمیتەی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، لە لایەن \'\'عەبدولڕەحمان حاجی حەسەن\'\'ـەوە خوێندرایەوە.
ژمارەیەك حیزب و لایەنی سیاسی پەیامیان بۆ رێوڕەسمەكە ناردبوو كە بریتین لە:
ـ نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

ـ لقی حەوتی پارتی دێموكراتی كوردستان

ـ پارتی ئاشتی و دێمۆكراسی

ـ كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان
هەر لە درێژەی رێوڕەسمەكەدا \'\'رەحیم رەشیدی\'\' سەبارەت بە گرینگی و ئامانجەكانی بەسترانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد چەند وتەیەكی پێشكەش بەئامادە بوان كرد.