کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی ١٦٠ کانزای دیکە لە پارێزگای ئورمیە

12:32 - 7 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی رەوتی داخرانی یەکە بەرهەمێنەرەکان و کانزاکان لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی بێکاری، ١٦٠ کانزای دیکە لە پارێزگای ئورمیە بەتەواوەتی داخراون یان لە حاڵی داخران دانە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، نەبوونی بازاڕی مەسرەف و بەرهەمهێنان و هەروەها دابەزینی کوالێتیی کالاکان بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ١٦٠ کانزا لە پارێزگای ئورمیە دابخرێن.

بە وتەی کارناسان، نەبوونی ژێرخانی سەنعەتی کانزاکان، وەکوو نەبوونی رێگەبان بۆ کانزاکان و هەروەها بایەخ پێنەدانی رێژیم بە کانزاکان، بووەتە هۆی ئەوە کە سەرمایەگوزارانی نێوخۆیی لە ناوچە کوردنشینەکان سەرمایەگوزاری نەکەن.

لەو پێوەندییەدا ماویەک پێش ئێستا هەواڵی داخرانی لەسەدا ٤٧ی یەکە پیشەیی‌یەکان لە پارێزگای ئورمیە بڵاو کرایەوە.

بەپێی راپۆرتەکان، لە ٢ هەزار و٨٠٠ یەکەی بەرهەمێنهان لە پارێزگای ئورمیە، ١ هەزار و ٢٤٥ یەکە داخراون و ئەوەش بووتە هۆی ئەوە کە زیاتر لە ١٨ هەزار کەس لەو پارێزگایە بێکار بن.

هەروەها، هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان لەزاری بەرپرسی گشتیی پیشە، کانزا و بازرگانی پارێزگای سنـە بڵاویان کردەوە کە نزیک بە لەسەدا ٧٠ی یەکە پیشەیی‌یەکانی ئەو پارێزگایە داخراون.

سەرەڕای داخرانی لەسەدا ٧٠ی یەکە پیشەییەکان، زۆربەی بەشەکانی دیکە نێوخۆیی یا لە بەرەبەری داخران دانە.

پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان کە لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران ئەژمار دەکرێن لەگەڵ داخرانی زیاترین یەکە پیشەیی و بەرهەمهێنەرەکان بەرەوڕوو بوونەتەوە.

بەرپرسانی رێژیم، هۆکاری داخران یا کارنەکردنی یەکە پیشەیی و بەرهەمهێنەرەکان لە ئورمیە و تەنانەت لە هەموو شارەکانی ئێرانی بۆ گەمارۆ ئابوورییەکانی کۆمەڵگای جیهانی بەتایبەت ئامریکا و یەکیەتی ئورووپا دەگەڕێننەوە.

بەرپرسانی رێژیمی ئێران لە حاڵێکدا داخرانی یەکە پیشەیی و بەرهەمهێنەرەکان بۆ گەمارۆ پەسندکراوەکانی رۆژئاوا گرێ دەدەن کە پێشتر ئەو گەمارۆیانەیان نێوبەتاڵ وەسف کردبوو.

رێژیمی ئێران بەهۆی ناڕوونی لە بەرنامەی ناوکی لەلایەن کۆمەڵگای جیهانیەوە گەمارۆی ئابووری بەسەر داسەپاوە کە ئەوە بووەتە هۆی نالەباری دۆخی ئابووریی وڵاتی ئێران.