کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستان و لەوەڕگەکانی میراجی لە مەریوان، ئاگریان تێبەر درا

15:49 - 1 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: ئاگر کەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی میراجی لە نزیکی گوندی نێی سەربە شارستانی مەریوان، خەساری بەرچاوی ژینگەیی بە سروشتی کوردستان گەیاند.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٣، دارستان و لەوەڕگەکانی میراجی لە نزیکی گوندی نێ، لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگری تێبەر درا.

ئەم ئاگر کەوتنەوەیە، خەساری بەرچاوی ژینگەیی بە سروشتی ناوچەکە گەیاندووەو لە ناوچوونی دەیان دار بەڕووی لێکەوتۆتەوە.

لەم پێوەندییەدا یەکێک لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە بە ماڵپەری کوردستان میدیای راگەیاند: کۆمیتەی پاراستن لە ژینگەی نێ، پاش دوو کاتژمێر هەوڵی بەردەوام، توانیان ئاگرکەوتنەوەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

دانیشتووانی ناوچەکانی کوردستان بە تایبەت ناوچە سنووریەکان لەو باوەڕەدان، کە رێژیمی ئێران بە ئەنقەست و لە رێگەی دەستوپێوەندییەکانی خۆیەوە لە ناوچە سنوورییەکان، دارستان و لەوەڕگەکانی لە ناو دەبات و هەر بۆیەش بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرکەوتنەوەکان هیچ هەوڵیک نادات و زۆر جاریش لەمپەر بۆ چالاکانی ژینگەیی لەمەڕ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرەکان دروست دەکات.

لەلایەکی دیکەوەو سەرلە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژ زیاتر لە ٥ هێکتار لە دارستان ولێرەوارەکانی باشووری رۆژهەڵاتی شارستانی گیلانی رۆژئاوا لە پارێزگای کرماشان لە ئاگردا سووتان.

لە ئەنجامی ئەو ئاگرکەوتنەوەیەدا سەرچاوە سروشتییەکانی ناوچەی گیلانی‌رۆژئاوا، نزیک بە ٢٠٠ ملوێن ریاڵ خەساری پێ گەیشتووە.