کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درووست كردنی دۆسیەیەكی دیكەی قەزایی بۆ زیندانییەكی عەرەب

15:17 - 27 رەزبەر 2712

كــــوردستان میدیا: زیندانییەكی سیاسیی عەرەبی ئەهواز لەزیندانیی رەجایی شاری كەرەج، دۆسیەیەكی دیكەی بۆ كراوەتەوە.

خالید حەردانی رێكەوتی ٢٦‌ی رەزبەر لەلایەن ناوەندی بەڕێوەبەری حوكمەكانەوە بانگهێشت و بە تاوانی بێ‌ رێزی كردن بە عەلی خامنەیی رێبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران لێپیچینەوەی لێكراوە.

هەواڵدەریی كوردپا لەو پێوەندییەدا بڵاوی كردۆتەوە، لەو دۆسیە تازەیەدا ٥ میلیۆن وەسیقەی بۆ دیاری كراوە و دۆسیەكەشی رەوانەی دادگای شۆڕشی رێژیم لەشاری كەرەج كراوە.

خالید حەردانی ٢٠ رۆژ لەمەوبەر لە حاڵێكدا كە د‌‌ه‌یهەویست سەردانی بیهداری ناو زیندان بكات كەوتبووە بەر لێدان و بێ‌ حورمەتی پێكردنی هێزەكانی زیندانەوە.

خالید حەردانی زیندانیی سیاسیی عەرەبی ئەهواز لە ساڵی ١٣٧٩وە بە تاوانی تێكدانی تەناهیی گشتیی و رفاندنی فڕۆكە لە زیندان دایە.

ئەو هاووڵاتییە عەرەبە حوكمی زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر دا سەپاوە.