کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین بارودۆخی منداڵانی قوربانیی تەقینەوەی خۆمپارەی سەردەمی شەڕ لە مێهران

16:53 - 2 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: دوای تەواو بوونی زیاتر لە ٢٦ ساڵ بە سەر شەڕی نێوان عێراق و ئێران ئێستا دوژمنێکی شاراوە بە ناوی مین مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان بە تایبەت دانیشتوانی پارێزگای ئیلام و ئورمیە، کرماشان و کوردستان.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی رەشەمە، بە هۆی تەقینەوەی گولـلە خۆمپارەی نەتەقیوی سەردەمی شەڕی رێژیمی ئێران و عێراق لە یەکێک لە ناوچەکانی شاری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام، ٥ قوتابیی کورد بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانە گوازراونەوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە، رۆژی رابردوو، هەینی رێکەوتی ٢٩ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، محەممەدهادی مەلەکیان تەمەن ١٢ ساڵ و کوڕی کەرەم، قوتابیی برینداری رووداوی تەقینەوەی مینی بەجێماوی شەڕ لە ئیلام، پاش ١٩ رۆژ برینداری، گیانی لەدەست دا.

محەممەدهادی مەلەکیان لەو رووداوەدا لەسەدا ٥٧ی جەستەی تووشی سووتان هاتبوو، کە بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە لە بەشی (ئای.‌سی.‌یو)ی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی ئەهواز خرابوویە ژێر چاودێریی کادری پزیشکیی ئەو نەخۆشخانەیەوە.

ئەو قوتابییەی لەو رووداوەدا لاقێکی لە ئەژنۆ بەرەوخوار لەدەست دابوو، کە بە وتەی پزیشکان ئەگەری بڕینەوەی لاقی چەپیشی لە ئارادابوو.
باوکی مەهدی لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵدریی کوردپا رایگەیاندووە: ماوەی ١٥ ساڵە لەو ناوچەیەن و ئەو رووداوە لە تەنیشت خاکرێزی سەردەمی شەری ئێران و عێراق روویداوە و ئەمە یەکەمجار نییە کە خەڵک تووشی رووداوی تەقینەوە مین دەبن.

بەرێوەبەرەی وێبلاگی (مین و ژیان) روونی کردەوە، ئەو منداڵانە تەقەمەنیی ساڵانی شەری ئێران و ئێراق بەرەوویاندا تەقیوەتەوەو بەو هۆیەوەیە بەشێک لە ئەندامانی لەشیان لەو رووداوەدا سووتاوە.

ناوبراو رەخنەی لە نهاد مین گرت و رایەگەیاند: بەداخەوە لەو بارەیەوە بەجوانی هەواڵێکی بڵاو نەکردەوە و هۆکار و چۆنیەتیی ئەو رووداوەی بۆ رای گشتی روون نه کردوه ته وه.

بە وتەی ئەو کارناسەی بواری مین هەڵگرتنەوە، ئەو پێنج قوتابییە کوردە، نموونەی زەق و بەرچاوی قوربانیانی تەقەمەنی بەجیماوی شەڕن، کە دەبی کۆمیسیۆنی ماددەی ٢ی ئوستانداری بیانگرێتەوە.

لە ساڵی ١٣٦٧ هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، ٥٣٦ کەس لە پارێزگای ئیلام بریندار و کەمئەندام بوون و هەروەها لەو ماوە زەمەنییەدا، ٣٢٦ کەسیش بەهۆی مین و تەقەمەنیی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێراق، گیانیان لەدەست داوە.

شوناسی ئەم ٥ قوتابییە، ئەمیر محەممەد تەمەن ٨ ساڵ و ئەمیر حوسێن پەیکانی تەمەن ١١ ساڵ (برا) کوڕی یەدوڵڵا، محەممەد و مەهدی باباخانی تەمەن ٧ و ٨ ساڵ (برا) و کوری عەلیمەردان و محەمەدهادی مەلەکیان کوری کەرەم، ئەو ٥ قوتابییە بوون کە لەو رووداوەدا بریندار و کەمئەندام ببوون و گیانیان لە دەست داوە.

قەڵاکونجان چەم لە ١٥ کیلۆمیتری باکووری شاری مێهران و لە جاددەی ئیلام – مێهران لە رێگەی کەربەلا هەڵکەوتووە.

یەک میلیۆن و ٧٠٠ هەزار هێکتار زەوی لە پارێزگای ئیلام مینی چێندراوی لێ بەجێماوە و رێژیم ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا بە جاڕنامەی ئوتاوا ( جاڕنامەی قەدەغە کردنی کەڵک وەرگرتن، راگرتن، بەرهەمهێنان و گواستنەوەی مین) و جاڕنامەی ئوسلو (جاڕنامەی کەڵک وەرنەگرتن لە بۆمبی خوشەیی)ی واژۆ نەکردووە.

بەپێی جاڕنەمای ئەتاوا دەوڵەتەکان دەبێ پاش تێپەڕ بوونی ١٠ ساڵ لە شەڕ تەواوی زەوی و زارەکان لە مین خاوێن بکەنەوە.

کازیوە.ر