کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەسعوود پزشکیان بژاردەی خامنەیی بۆ دروستکردنی دەوڵەتی چواردەیەم

10:58 - 16 پووشپەڕ 2724

پاش بەڕێوەچوونی دوو شانۆی هەڵبژاردن لە ژێر سیبەری بایکۆتی بێوێنەی خەڵکدا، مەسعوود پزشکیان وەک بژاردەی خامنەیی بوو بە نۆیەمین سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.

ستادی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم بەفەرمی ڕایگەیاند کە پزشکیان بە ١٦ میلیۆن و ٣٨٤ هەزار و ٤٠٣ دەنگ نەفەری یەکەم و سەعید جەلیلی بە ١٣ میلیۆن و ٥٣٨ هەزار و ١٧٩ دەنگ وەک نەفەری دووهەمی بەناو هەڵبژاردنەکان دیاری کراوە.

ئیدعای ڕێژیم سەبارەت بە بەشداریکردنی ٥٠ لەسەدیی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا لەکاتێکدایە کە بەپێی زانیارییە نێوخۆییەکان بەشداریکردنی خەڵک هاوشێوەی خولی یەکەم لە کەمترین ئاستدا بووە و بایکۆتی بەربڵاو بەڕێوە چووە.

 ئامارە ڕاگەیەندراوەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەهۆی نەبوونی چاوەدێرییەکی سەربەخۆ و متمانەپێکراو هیچ کات لەگەڵ ئاماری دامەزراوە سەربەخۆکان و ڕاستییەکانی کۆمەڵگا یەکی نەگرتووەتەوە و بە مەبەستی بەرژەوەندیی گشتیی ڕێژیم چەواشەکاریی تێدا ئەنجام ئەدرێت.

لەم پێوەندییەدا ئابرام پیلی جێگری نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاروباری ئێراندا ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا چاوەڕوانی ئەوە نییە کە هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ئازاد بەڕێوە بچێت و وڵاتەکەی وەک نەریتێکی مێژینەیی لەهەمبەر ترساندن و تۆقاندنی ڕۆژنامەوانان و سەرکوتی ڕاستییەکان، لە خەڵکی ئێران پشتیوانی دەکات.