کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو رێكخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ داوای ئازادكرانی برایانی كوردپووریان كرد

16:23 - 19 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی كۆمەڵگەی مافی مرۆڤ و رێكخراوی نێودەوڵەتی خەبات بە دژی ئەشكەنجە لە راگەیەنداروێكدا داوایان لە رێژیمی ئێران كردووە، كۆتایی بە گرتنی مەسعوو و خوسرەو كوردپوور دوو رۆژنامەنووسی دەستبەسەركراوی كورد بێنێت.
لەو راگەیەندراوەدا كە نوسخەیەكی بەماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە، سەرەتا دۆخی برایانی كوردپوور لەكاتی دەستبەسەركرانیانەوە هەتا دادگایی كردنیان شی كراوەتەوە و باسێكیش لەبارودۆخی پرسی فەرهەنگی لەكوردستان كراوە.
لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە، مەسعوود و خوسرەوە بەشێوەیەكی بەرچاو لەكێشیان دابەزیوە و ئەوە دەرخەری ئەوەیە كە لە دۆخی زۆر نالەباری گرتنكەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێدا بوونە.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی كۆمەڵگەی مافی مرۆڤ و رێكخراوی نێودەوڵەتی خەبات بە دژی ئەشكەنجە داوایان لەدەسەڵاتدارانی ئێران كردووە، كە باری تەندروستی روحی و جەستەیی برایانی كورد لەبەرچاو بگیردرێ‌و كۆتایی بە دەستبەسەر كرانی ئەو دوو چالاكی مافی مرۆڤە بهێندرێ‌.
یەكەمین جەلەسەی فەرمیی دادگایی كردنی خوسرەو و مەسعوود كوردپوور دوو رۆژنامەنووسی كوردی دەستبەسەركراو دوای نزیك بە پێنج مانگ لەدەستبەسەركردنیان، رێكەوتی ١٤‌ی گەلاوێژ لەدادگای ئینقلاب\'\'ی شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.
ئەو دوو رۆژنامەنووسە لەلایەن دزگا قەزایی و ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێرانەوە تۆمەتی وەكوو هاوكاری كردن لەگەڵ حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، پڕوپاگەندە بەدژی نیزام و پێكهێنانی كۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەدژی تەناهی نەتەوەیییان دراوەتە پاڵ.

بەپێی دوایین زانیارییەكان برایانی كوردپوور ئەو تۆمەتانەیان وەئەستۆ نەگرتووە و بە شتێكی هەڵبەستراو وەسفیان كردووە.