کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتیی کورد لە گۆلی زرێباردا خنکان

15:24 - 4 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: دوو هاووڵاتیی کورد لە گۆلی زرێبار لە کاتی \'\'ماسییەڕاودا بەهۆی ئاشنانەبوون بە تەکنیکەکانی مەلەکردن و هەروەها نەبوونی مەلەوانی یاریدەدەر لەو گۆلە، گیانیان لە دەست دا.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، پاش نیوەڕۆی رۆژی هەینی رێکەوتی ٣ی گەلاوێژ، سێ هاووڵاتیی کورد لە گۆلی زرێبار لە کاتێکدا کە سەرقاڵی ماسییەڕاو بوون، دوو کەسیان بە ناوەکانی \'\'فەرید تارین\'\' کوڕی کەریم و \'\'دانا تاراج\'\' کوڕی محەممەد عێزەت بەهۆی ئاشنا نەبوون بە تەکنیکەکانی مەلە خنکان.

ئاشنا نەبوونی بە تەکنیکەکانی مەلە، نەبوونی مەلەوانی یاردەدەر و پێشگیری و کەمتەرخەمیی ناوەندە پێوەندیدارەکان لە دانی مۆڵەت بۆ کردنەوەی خولی مەلەوانی لەلایەن چالاکانی شاری مەریوانەوە، ساڵانە و بە تایبەت لە وەرزی هاویندا شاهید و گوێبیستی هەواڵی خنکانی هاووڵاتییان لە چۆم و رووبارەکاندا دەبین.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە گەڕان بۆ تەرمی ئەو دوو هاووڵاتییە لە گۆلی زرێبار بەردەوامە.

بەپێی ئاماری پزیشکیی یاسایی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لە چوار پارێزگای کوردستانی ئێران (ئورمیە، سنە، کرماشان و ئیلام)، ٦٨ هاووڵاتی لە ئاودا خنکاون کە ١١ کەسیان ژن بوون.