کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ئەندامی دیکەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە سووریە کوژران

17:58 - 6 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: دوو ئەندامی دیکەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران بەناوەکانی دادوڵڵا شیبانی و حیشمەت سوهرابی لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریەدا کوژران.
رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٥ی پووشپەری ١٣٩٣ی هەتاوی هەواڵی کوژرانی دوو ئەندامی دیکەی سەربە سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ناوەکانی دادوڵڵا شیبانی و حیشمەت سوهرابی لەلایەن هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکانی رێژیمەوە بڵاو کرایەوە.

ئەو دوو ئەندامەی سپای پاسدارنی رێژیمی ئێران، وەکوو ئەندامی سپا و بەسیجی رێژیمی ئیسلامی لە چوارچێوەی گرووپەکانی وەکوو گوردانی فاتمیوون یان لەژێر ناوی پارێزەارنی حەرەمی حەزرەتی مەعسوومە لە وڵاتی سووریە بە مەبەستی بەرگری لە رێژیمی بەشار ئەسەد شان بە شانی هێزەکانی رێژیمی ئەسەد شەڕ دەکەن.

گوردانی فاتمیوون لە هاووڵاتییانی ئێرانی و ئەفغانی پێکهاتووە و بۆ شەڕ دژی ئۆپۆزسیۆنی رێژیمی ئەسەد نێردراونەتە وڵاتی سووریە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران هاووڵاتییانی ئەفغانی بە کرێ دەگڕێت و لەگەڵ سپای پاسداران بۆ سووریە بەڕێ دەکات.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان هەتا ئێستا ٤٥ ئەندامی سپای پاسداران لە سووریە کوژراون، بەڵام سپای پاسدارنی رێژیمی ئێران بەردەوام بەشداریی نیزامیی خۆی لە شەڕی سووریە رەت کردۆتەوە.