کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێهلۆران/ جێبەجێ‌کردنی زیاتر لە ١٠٠ بەرنامەی تایبەتی سەرەڕای کێشە و بێ ئیمکاناتیی بەرچاو

14:46 - 2 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: سەرەڕای کێشە وگرفتی ئیداری، سەرمایەگوزاری و ئابووری لە شاری دێهلۆران بنکەکانی رێژیم زیاتر لە ١٠٠ بەرنامەی تایبەت بە حەفتەی دیفاعی موقەددەس لەو شارە بەڕێوە دەبەن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بێکاری، دابەزینی پیشەی نەوت و پیترۆشیمی و نەبوونی بەهرەوەری لە سەرچاوە خۆجێیەکان لە بەرەبەری دەستپێکی وەرزی سەرما و دەست لە کارکێشانەوەی شارەوانی دێهلۆران تەنیا بەشێک لە کێشەکانی ئەو شارە هەژمار دەکرێن کە بەرۆکی هاووڵاتییانی ئەو شارەی گرتووەتەوە.

شارستانی دێهلۆران سەرەڕای ئەوەیکە لەسەدا ٩١ی نەوت و گازی ناوچەکانی رۆژئاوای ئێران دابین دەکات، بەڵام هاووڵاتییانی ئەو شارستانە ئێستاش لە کەپسوولی گاز کەڵک وەردەگرن.

شارەوانی دێهلۆران رێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی بەهۆکارێکی ناڕوون دەستی لە کار کێشایەوە.

لەو پێوەندییەدا و بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکان، پیشەی پیتڕۆشیمی، نەوت و کارخانە بەرهەمهێنەرەکانی سیمان لە شارستانی دێهلۆران هەنووکە داخراون و بێکاری لەو پارێزگایە رۆژ بە رۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت.

سەرەڕای هەموو ئەو کێشانە جێگری فەرمانداریی شارستانی دێهلۆران رایگەیاند کە بەبۆنەی حەفتەی دیفاعی موقەددەس زیاتر لە ١٠٠ بەرنامەی تایبەت لەو شارە بەڕێوە دەچێت.

ئەو پارێزگایەی باشووری کوردستانی ئێرانی لە هەموو ئیمکانات و خزمەتگوزارییەکان بێبەش کردووە و ئەو مەسەلەیە لە تەواوی شارەستانەکانی ئەو پارێزگایە بەرچاوە.

هەر لەو پێوەندییەدا ماوەیەک پێش ئێستا، رێکخراوی نیزام مەهەندیسیی ئیلام سەرەڕای زیان پێگەیشتن بە پێکهاتەی شار و گوندەکانی شاری ئابدانان و موورمووری دوای بوومەلەرزەی ٦/١ بە پێوەری ریشتێر لەو شارستانانە، گرێبەستێکی ئاوەدانکردنەوەی بینای نیشتەجێ بوونی لە پارێزگای واستی عێراق واژۆ کردووە.

لە ماوەی رابردوودا، رێژیمی ئیسلامیی ئێران و بنکەکانی سەربە رێژیم بۆ مەبەستە ئایدئۆلۆژیکەکانیان لە نێوخۆ و لە دەرەوە زۆربەی داهاتی ئەو وڵاتەیان خەرج کردووە.