کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگدانەوەی سەردانی بەرپرسی تیمی تیرۆری شەهید د. قاسملوو و هاوڕێیانی له میدیاکانی ئورووپا

16:26 - 22 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: پاش دەرکرانی بەیاننامەی مەتبووعاتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لەسەر سەردانی سەحراڕوودی بۆ ئورووپا، راگەیەنەکانی ئوتریش ئەو بابەتەیان رووماڵ کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٨ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ئوتریش، بەیاننامەیەکی مەتبووعاتیی لەسەر چوونی بکوژی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕیێانی له ١٣ی ژوولای ١٩٨٩ی زایینی له ڤییەن، بۆ ئورووپا، له رێگای ئاژانسی هەواڵدەریی ئوتریشەوه بڵاو کردەوه.

لەم بەیاننامەیەدا داوا له حکوومەتی ئوتریش و دەزگای پۆلیس و ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاته کرا، ئەم دەرفەته له دەست نەدەن که پاش تێپەڕبوونی ٢٤ ساڵ بەسەر ئەو جینایەتەدا بۆ دەستبەسەر کردنی تاوانباری سەرەکیی ئەو تیرۆره هەڵکەوتووه. هەروەها داوا له هەموو رێکخراو‌ه ئازادیخواز و مرۆڤدوستەکان کرابوو به هەر چەشنێک بۆیان دەگونجێت، هەنگاوی بەپەله لەمەڕ گوشار خستنەسەر دەوڵەتی ئوتریش هەڵبگرن.

پاش بڵاوبوونەوە‌ی ئەم بەیاننامە مەتبووعاتییه، زۆرێک له میدیاکانی ئوتریش پێوەندییان به نوێنەری حیزب لەو وڵاتەدا کرد و داوای زانیاریی زیاتریان کرد. له هەمان کاتدا میدیاکانی ئوتریش هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەوەی له رێگای وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوه و دادی ئوتریشەوە زانیارییان دەست بکەوێت. هەر وەک شیمانه دەکرا هیچ لایەنێکی فەرمی ئوتریش ئاماده نەبوون بۆ میدیاکان لێدوان بدەن. بەڵام نوێنەرایەتیی حیزب لەو وڵاته، کۆمەڵێک زانیاریی وردی لەمەڕ چوونی سەحراڕوودی بۆ سویس و پاشتر بۆ وڵاتی کرواسی خستە بەردەم میدیاکان.

چەندین رۆژنامه و حەوتوونامەی ئوتریشی هەر هەمان رۆژ و ڕۆژانی پاشتر لەسەر ئەم رووداوه بابەتیان بڵاو کردەوه. لە هەموو بابەتەکاندا نووکی هێرشی میدیاکان بۆسەر دەوڵەتی ئوتریش و سویس بوو کە ژمارەیەکیان بە زمانی کوردی لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا بڵاو کرانەوە.
ورووژاندنی ئەم پرسه پێشانی دا که هەر چەند ئەم جینایەته ٢٤ ساڵی بەسەردا تێپەڕێوه، بەڵام هێشتا زۆرن ئەو کەسایەتییه سیاسی و میدیاکارانەی که هەدا نادەن و به دوای راستییەکاندا دەگەڕن.

سەرلەنوێ هەڵدانەوەی پرسی تیرۆری ڤییەن هەرچەند دژبەری زۆری هەیه و دەتوانێت پێش هەمووان هەردوو دەوڵەتی ئێران و ئوتریش زەرەرمەند بکات، بەڵام پرسێکه که نە تەنیا بو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نەتەوەی کورد جێگای بایەخه، بەڵکوو زۆر کەسایەتی و لایەنی رۆژئاواییش به چاوێکی پڕبایەخ لێ دەڕوانن.