کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورەی ٢١٠ی سەرەتایی پێشمەرگەی کوردستان کۆتایی پێ هات

16:28 - 20 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: رێوڕەسمێک بەبۆنەی کۆتایی‌هاتنی سەرکەوتوانەی ٢١٠ەمین دەورەی سەرەتایی پێشمەرگەی کوردستان، لەلایەن کومیسیۆنی پەروەردی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا؛ رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٠ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە فێرگەی سیاسی ــ نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رێوڕەسمێک بەبۆنەی کۆتایی هاتنی دەورەی ٢١٠ی سەرەتایی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و پاشان رێژەی نیزامی، شەڕی سەرنیزە و هەروەها بڕینی \'\'مەیدانی مەوانیع\'\' دەستی پێ کرد.
پاشان \'\'ئیلهام چایجی\'\' ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆتایی‌هاتنی سەرکەوتوانەی دەورەی ٢١٠ی سەرەتایی پێشمەرگەی کوردستان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
چایچی لە قسەکانیدا وێڕای ئاماژە بە جینایەتی رێژیمی سۆڤینیستی ئێران لە هەمبەر نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد، لەسەر هاڵاواردنی نەتەوەیی، رەگەزی و مەزهەبی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بە نیسبەت دانیشتوانی ئێران دوا و پرژایە سەر بارودۆخی نالەباری ئابووریی ئێران و گرانی و بێکاری، کە بەرۆکی خەڵکی گرتووەتەوە.
ئەو ئەندامەی جێگری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات هەروەها لەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، دوا و لەسەر پرسی کوژرانی بێ‌‌بەزەیی‌یانەی کۆڵبەرانی کورد لەسەر سنوورەکان قسەی کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا بەشداربوانی دەورەی ٢١٠ سەرەتایی پێشمەرگەی کوردستان، سروودێکیان خوێند و لە درێژەدا \'\'بوداغ بوداغی\'\' لە راهێنەران و مامۆستایانی فێرگەی سیاسی ــ نیزامیی حیزبی دێموکرات، راپۆرتی ئامووزشیی دەورەکەی خوێندەوە.
دواتر راپۆرتی دەورەی ٢١٠ی سەرەتایی فێرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن \'\'عەبباس زەندی\'\' بەشداربووی دەورەوە خوێندرایەوە.
لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا سەرکەوتوانی خولەکە لە بواری نەزم و دیسیپلین و هەروەها نومرە دەرسییەکانییانەوە لەلایەن کومیسیۆنی پەروەردەی حیزبەوە خەڵات کران.
لە نێواخنی ئەو رێوڕەسمەدا چەندین گۆرانی و شیعر لەلایەن بەشداربوانی خولەکەوە پێشکەش کرا.