کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. عەلیار: رێژیم راشکاوانە لە ئەگەری بەدواداچوونی تیرۆری ڤییەن، هەڕەشەی لە ئوتریش کرد

16:44 - 4 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: سمینارێک بەبۆنەی ٢٥مین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی و لەبارەی کەسایەتی و ئەخلاقی ئەو رێبەرە نەتەوەیییە، لە زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، سێ رێکخراوی یەکیەتییەکانی خوێندکاران، ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە شێوەیەکی هاوبەش بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵـڕۆژی شەهیدکرانی دکتور قاسملوو بەدەستی دیپڵۆمات تیرۆریستەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٣ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە زانینگەی کۆیە سمینارێکیان بۆ \'\'پرۆفسۆر دوکتور خدر مەعسووم\'\' سەرۆکی پێشووی زانکۆی کۆیە و \'\'دوکتور میرۆ عەلیار\'\' ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهێنا.

ئەو سمینارە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی یەک خولەک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

لە بەشی یەکەمی ئەو سمینارەدا پرۆفسۆر دوکتور خدر مەعسووم لەسەر کەسایەتی و ئەخلاقی شەهید دوکتور قاسملوو لە کاتی شۆڕش لە کوردستاندا چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و لە قسەکانیدا لەسەر رێکخستن، تەشکیلات و پرەنسیبەکانی دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کاتی خەباتی چەکداری باس کرد.

هەروەها باسی لەوە کرد کە شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و نەبوونی ئەو کەسایەتییە سیاسییە بۆ گەلی کورد خەسارێکی گەورەیە.

لە بەشی دووهەمی سمینارەکەدا دوکتور میرۆ عەلیار ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پێشکەش کردنی چەند وتەیەک لەسەر کەسایەتیی رێبەری مەزن شەهید دوکتور قاسملوو باسی لەوە کرد کە دەوڵەتی ئوتریش سەبارەت بەو کارەساتە دژە مرۆیییە هیچ هەڵوێستێکی نەگرت و لاوازی دەسەڵاتی ئۆتریشی لەهەمبەر رێژیمی ئێران دەرکەوت.

دوکتور میرۆ عەلیار باسی لەوە کرد کە دوکتور قاسملوو بەپێی عورفی سیاسی بۆ وتووێژ سەبارەت بە پرسی نەتەوەی کورد لەگەڵ رێژیمی ئیسلامی ئێران دانیشت، بەڵام لەلایەن دیپلۆمات تیرۆریستەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەسەر مێزی وتووێژ شەهید کرا و بەبێ دادگایی و هیچ بەرپرسیارەتییەک، دەوڵەتی ڤییەن ئەو تیرۆریستانە رادەستی ئێران کردەوە.

عەلیار لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە رێژیمی ئێران راشکاوانە رایگەیاند ئەگەر دەوڵەتی ڤییەن بەدواداچوونی ئەو تیرۆرە بکات دانیشتوانی ڤییەن لە ئێران گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە ئەوەشی بۆ لاوازی و بێ دەسەڵاتی دەوڵەتی ڤییەن گەڕاندەوە.

لە بەشی کۆتایی ئەو سمینارەدا دیکۆمێنتارێک لەسەر ژیانی دکتور قاسملوو و رۆڵی لە بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەکان پێشان درا.