کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راوچییەکی کورد بۆ ئاشت‌بوونەوە لەگەڵ سروشت، چەکەکەی شکاند

14:51 - 26 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: راوچییەکی بەپێشینەی کورد خەڵکی شارستانی مەریوان، پاش چالاکی و وشیارکردنەوەکانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە زیانەکانی راوکردن، چەکەکەی شکاند.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان میدیا؛ راوچییەکی کوردی خەڵکی گوندی \'\'دەرەکێ\'\'ی سەربەناوچەی هەورامان بەناوی \'\'ئەحمەد عەزیزی\'\' رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٥ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی، پاش ئەوەی کە هاتە سەر ئەو بڕوایە کە \'\'چیتر راوکردن کردەوەیەکی دزێوە و پێویستە وازی لێ بێنێت\'\'، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی خەڵکی ئاوایی و ئەندامانی چالاکای ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، چەکەکەی شکاند.
عەزیزی سەرلە بەیانیی رۆژی هەینی بە شکاندنی چەکەکەی کە تاپڕێک بووە، رق و قینی خۆی لە راوکردن و ئاسەوارە زیانبارەکانی ئەو دیاردەیە دەربڕی.
ئەو هاووڵاتییە لەو رێوڕەسمەدا وێڕای ئاماژە بە ئاسەوارە زیانبارەکانی راوی ئاژەڵان، وتی: راوکردن قڕکردنی ژینگەیە، کوشتنی ئاژەڵان لە راستیدا کوشتنی سروشت و مرۆڤایەتییە و هەر کەس راو بکات، بەشێک لە مرۆڤ‌بوونی خۆی کوشتووە.
ئەحمەد عەزیزی لە قسەکانیدا داواشی لە راوچییانی کوردستان کردووە بە وردبینییەوە بیر لە راوکردن بکەنەوە و ئەو دیارە دزێوە بە پێوانەی ویژدان و کەرامەتی مرۆیی هەڵیسەنگێنن.
لەو رێوڕەسمەدا ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان وێڕای بەرزنرخاندنی هەڵویستی ئەو هاووڵاتییە، لەوحێکی رێزلێنانی پێ بەخشرا.