کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راوڕووتی هاووڵاتییان لەلایەن گرووپێکی سەر بە رێژیمی ئێران لە ئورمیە

14:37 - 30 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: شوناسی چەند کەس لە ئەندامانی گرووپێکی چەتە کە ماوەیەکە لە ناوچەی برادۆستی ئورمیە سەرقاڵی چالاکین دەرکەوت و لە نێو ئەو گرووپە چەتەییەدا، فەرماندەری پایگای بەسیجی مەرنێ بەرچاو دەکەوێت.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەیەکە کە گرووپێکی چەتە لە ناوچەی برادۆستی شاری ئورمیە بە هەڕەشە وتۆقاندن و کەڵک وەرگرتن لە چەک هاووڵاتییان و بەتایبەت مسافیران دەپشکنن و پارەی زۆرەملێیان لێ وەردەگرن.

پاش ماوەیەک چالاکی ئەو گرووپە شوناسی هەندێک لە ئەندامانی ئەو گرووپە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە روون بووەتەوە کە لە ناو ئەو گرووپە چەتەییەدا فەرماندەری پایگای بەسیجی مەرنێ بەرچاو دەکەوێت.

ئەو گرووپە زۆرتر ئەو مسافیرانەی کە لە وڵاتی تورکیەوە لە رێگای ناوچەی سنووری سێرۆ راوڕووت کردووە و پارەی زۆرەملێیان لێ ستاندوون.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا وەرگرتنی پارەی زۆرەملی لە هاووڵاتییانی کورد لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەربە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

لەو پێوەندییەدا رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئەمساڵدا، هێزەکانی خۆی بە جل‌وبەرگی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ گوندەکانی سەر بە شارەکانی پیرانشار و بۆکان رەوانە کردووە هەتا بە ئازار و ئەزیەتی دانیشتوان و وەرگرتنی پارە جێگە و پێگەی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئیران خەودشەدار بکات.

سازکردنی پەروەندەی قەزایی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران و دواتر بانگهێشت و هەڕەشە لە هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ئەو ئیدارەیەوە بەشێکی دیکە لەو پیلانانەی رێژیمە کە لەو رێگایەوە پارە لە هاووڵاتییان دەستێنن.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا هەتا ئێستا چەندین راپۆرتی بەڵگەمەندی لەسەر ئەستاندنی پارەی زۆرەملێ و راوڕووتی هاووڵاتییان لەلایەن رێژیمی ئێران و کەسانی سەربە رێژیم لە ناوچە کوردنشینەکانەوە بڵاو کردووەتەوە.