کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا: ئەمریکا دەبێ هێزی نیزامیی خۆی لەهەمبەر ئێراندا زیاتر بکات

17:02 - 18 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا کە حەوتووی رابردوو رادەستی کۆنگرەی ئەو وڵاتەی کردبوو، لەسەر زیادکردنی هێزی نیزامیی ئەمریکا لە کەنداو لەمەڕ بەرەوڕووبووەنەوە عەملیاتی نیزامیی رێژیمی ئێران پێداگریی کردووەتەوە.
رۆژی هەینی رێکەوتی ١٧ی گەلاوێژ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ناوەڕۆکی \'\'راپۆرتی بەرگریی نەتەوەیی ئەمریکا\'\'ی کە چوار ساڵێک دەردەچێ، بڵاو کردەوە.

لەم راپۆرتەدا هاتووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا درێژە بە پاراستنی هەلومەرجی هەنووکەیی هێزە نائەتۆمییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناڤین و بەتایبەت لە کەنداو بدات.

لە لاپەڕەی ٣٩ی ئەو راپۆرتە کە لەلایەن بەڕێوەبەری ئیجرایی پەنێلی بەرگریی نەتەوەیی ئەمریکا نووسراوە: \'\'دەوڵەتی رێژیمی ئێران هەروا لە هەوڵی دەسڕاگەیشتن بە هێزی نیزامیی ناباو و نامۆ بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر کەنداو و بەرەنگاربوونەوەی لەهەمبەر دەستێوەردانی دەرەکی دایە، هەر بۆیە پێشنیار دەکرێ کە ئەمریکا لە ستراتیژیی نیزامیی خۆیدا پشت بە بەهێزکردنی توانایی نیزامیی نائەتۆمیی خۆی ببەستێت\'\'.

لەم راپۆرتەدا باس لە ئەگەری زیادبوونی توانایی نیزامیی رێژیمی ئێران کراوە و لەسەر دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچە و بەهێزکردنی بنکە دیفاعییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە داهاتوودا پێداگری بکرێتەوە.

لەم راپۆرتەدا لەسەر بەردەوامی چالاکیی رێژیمی ئێران لە بواری تیرۆریزم و پاڵپشتیی حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپی حەماس باس کراوە و لە درێژەشدا رێژیمی ئێران وەکوو هەڕەشەیەکی پەنگراو بۆسەر ئیسراییل لە قەڵەم دراوە و هەروەها لەبارەی کاریگەریی ئێران لەسەر دۆخی هەنووکەیی عێراق، کۆمەڵێک باس و بابەت وروژێنراوە.