کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتێك لەپێوەندیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدان لەكوردستان و پێشوزای ساردی خەڵكی

17:56 - 25 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: لەبەشێكی بەرچاو لەشارەكانی كوردستانی رۆژهەڵات هاووڵاتیان بەشدارییەكەی ئەتۆیان لەهەڵبژاردنەكاندا نەكردووە و لەو شوێنانەش کە كراوە زۆر بەسارد و سڕی بوو و بەمەبەستی دەنگدان بە شۆراكان بووە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەشارەكانی سنە، كرماشان، سەرپێڵ زەهاو، ماكۆ، مەریوان، نەغەدە، پاوە، مەهاباد، شنۆ، ورمێ‌، ئیلام، ئەیوان، كەنگاوەر، ئیسلام ئاباد، بۆكان و روانسەر هەڵبژاردنەكان پێشوازییەكەی ئەوتۆیان لێ‌نەكراوە و هێندێ‌لەشارەكانیش كەشی ئەمنیەتی بەتەواوەتی بەسەر هاووڵاتیان و شارەكەدا زاڵ بووە. دیارە ئەو پێشوازی كردنە كاتی سەر لەبەیانی و دوانیوەڕۆ جیاواز بووە.

بۆكان

لەشاری بۆكان بۆ ئەوەی خەڵكی دەنگ نەدەن لەشار چوونەتە دەر و روویان لەسەیرانگاكان كردووە و خەڵكێكی ئەتۆ بەشداریی هەڵبژاردنەكان نەبوونە و بەشێك لەبنكەی دەنگدانەكان بەتەواوەتی چۆل بوونە.
هەر لەو پێوەندییەدا رێژیمی ئێران بۆ نیشاندانی ئەوەی كە خەڵێكی زۆر لەهەڵبژاردنەكاندا بەشداریی كردووە، دوو بنكەی تایبەتی داناوە و دەست و پێوەندییەكانیان لەو بنكانە دەنگیان داوە و كامێراكانیش تەنیا لەو دوو بنكە دیاری كراوە حوزووریان هەبووە.
هاووڵاتییەكی شاری بۆكان بەماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، رێژیمی ئێران هەڕەشەی دەركردنی لەخوێندكاران لەئەگەری بەشداریی نەكردنیان لەهەڵبژاردنەكاندا كردبوو و لەلایەكی دیكەشەوە دوو سەندووقی لە سەیرانگاكان دانابوو بۆ ئەوەی خەڵكی لەوێ‌دەنگ بدەن.

روانسەر

لەو شارەش بەشێك لەخەڵكی لەماڵەكانیان نەچوونەتە دەرێ‌و رێژەی بەشداران زۆر كەم بووە و تەنانەت شەقامەكانی شاریش زۆر چۆل بوونە.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ نیشاندانی رێژەی زۆری دەنگدەران سەرجەم سەربازەكانی تیپی ئەنساری لەو شارە بردبووە سەر سەندووقەكانی دەنگدان.

مەریوان


لەشاری مەریوان لەبەشێكی بەرچاو لەبنكەكانی دەنگدان خەڵكێكی ئەوتۆ بەدی نەكراوە و تەنانەت لە بەبەرەبەریی دەنگدانیشدا چالاكی تەبلیغی بەنیشانەی بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بەڕێوە چووە.

ئەو شوێنانەی چالاكی تێدا ئەنجام دراوە بریتین لە: شارەكی زیبا، فەرمانداری، نەخۆشخانە، قوتابخانەی شاهید، قوتابخانەی 23‌ی تیر، مزگەوتی حەزرەتی عومەر، شارەكی كەوسەر.

رۆژی ٢٤ی جۆزەردان هێڵی تلەفوون و ئێنتێرنێت زۆر خراب بووە و پێوەندیی گرتن زۆر بە ئەستەمی ئەنجام دراوە.

سنە

لەشاری سنەش بەشێوەیەكی گشتیی ئاستی بەشداریی كردن لە پڕۆسەی دەنگداندا كەم بووە و زیاتر رێژیم كەڵكی لە هێزە نیزامییەكان و بنەماڵەكانیان وەرگرتووە و تەنانەت لە بنكەی دەنگدانەكان كامێرای چاوەدێریش دانرابوو. لەو شارە سەرلەبەیانییەكەی بنكەی دەنگدانەكان زۆر چۆل بووە، بەڵام دوانیوەڕۆكەی ژمارەیەك هاووڵاتیی بەشدار بوون و بەپێی دوایین زانیارییەكان ئەوانیش تەنیا دەنگیان بەشۆراكان داوە.


سەرپێڵ زەهاو


لەشارستانی سەرپێڵ بە هۆی كەمی خەڵك لەهەڵبژاردنەكاندا هێزە لیباس شەخسییەكان لەچەندین گەڕەك ماڵ بەماڵ گەڕاون و پێیان وتوونە پێویستە بەشداریی لەپرۆسەی دەنگداندا بكەن.

كرماشان


دۆخی ئەو شارە لەرۆژی دەنگداندان بەتەواوەتی ئەمنیەتیی بووە و هێزە ئینتزامییەكان و سپای پاسداران بەردەوام سەرقاڵی گەشت لێدان بوونە و بەتایبەت لەشوێنی سووتاندنی وێنەی خۆمەینی و هەروەها گەڕەكی ئارامگا كە دوو شەو لەمەوبەر تەقینەوەیەك تێیدا رووی دا، هێزێكی زۆر جێگیر كرابوو.

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵنێرانی دەنگ و رەنگی كرماشان لەو شوێنانەی كە خەڵكی زۆری لێبوون وێنەیان هەڵدەگرتەوە. لە ئاواییەكانی شاری كرماشان بەشێك لەخەڵكی بەمەبەستی دەنگدان بە شۆراكان چووبوونە بنكەكان.

ماكۆ

لەو شارستانە هێزەكانی رێژیم بۆ نیشاندانی زۆری رێژەی خەڵك لە دەنگداندا چەكدارەكانی خۆیان لەشوێنە سەرەكییەكان جێگیر كردبوو و تەنانەت پێیان وتبوون جلوبەرگی كوردی لەبەر بكەن.

نەغەدە، شنۆ و مەهاباد

لەو شوێنانەی ئەو سێ‌شارە هەڵبژاردنەكان زۆر بەسارد و سڕی بەڕێوە چووە و رێژیمی ئیسلامیی ئێران ماوەی چەند رۆژ لەمەوبەر بەڵێنی زریقە و بریقەداری بە وەرزێڕانی گوندەكانی شنۆ، مەهاباد و نەغەدە دابوو و بەر لە هەڵگرتنەوەی گەنم بەڵێنی كڕێنی پێ‌داون.

ورمێ‌

بەپێی ئەو زانیاریانەی كە بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتوون، لەشاری ورمێ و دەورووبەری، هێزە نیزامی ‌و ئەمنیەتییەكانی كۆماری ئیسلامی و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە هەڵبژاردن، لەمەڕ نەچوونی خەڵك بۆ سەر سندووقەكانی دەنگدان هەڕەشەی جۆراوجۆرییان، وەك دەركردن لەسەر كارییان لێ‌كردوون.
پیرانشار

لەو شارەش وەكوو شارەكانی دیكەی كوردستان هەڵبژاردنەكان بەڕێوە چوو و دانیشتوانی ئەو شارە بەشێوەیەكی نێوەنجی و لە زۆر بنكە كەم بەشدار بوون و ئەو بەشداریشە تەنیا بەمەبەستی دەنگدان بە شۆراكان بووە.

هەر لەو پێوەندییەدا شاری پیرانشار لەلایەن سێ‌ گرووپی سەر بە رێژیمەوە خرابوویە ژێر چاوەدێری توندەوە.
ئیلام، گەنگاوەر و ئەیوان

لەو سێ‌شارە خەڵكی بەبەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پێشوو بەشدارییەكەی زۆر كەمیان لە پڕۆسەی دەنگدانەكاندا كردووە و بەشێوەیەكی گشتیی هەڵبژاردنەكان پێشوازی لێ‌نەكراوە

پاوە

لە دهستانی شمشێری سەر بە پاوە خەڵكی حوزوورێكی پڕ رەنگیان لەسەر سندووقەكان نەبووە و تەنانەت شۆرای شارەكانیش پێشوازییەكی ئەوتۆی لێ‌نەكراوە و بەشداریی خەڵكی بەرادەیەك كەم بوو كە پێش نوێژی هەینی ئەو دهستانە گلەیی لەخەڵكی كردبوو.
لەلایەكی دیكەوە رێژیمی ئێران لە پارێزگای هەولێر دوو سندوقی دەنگدانی لە كۆنسولگەری و شارۆچكەی بنەسڵاوە دانابوو.

سەندووقی بنەسڵاوە تەنیا ٢٠كەس رووی تێ‌كردبوو و لەو پێوەندییەدا بەرپرسانی رێژیمی ئێران لە كونسولگەری لە رێگەی تەلەفۆنەوە تەواوی هاوڵاتیانی ئێرانی دانیشتووی هەرێمی كوردستان كە هاتوچۆی ئێران دەكەن، ئاگاداریان كردبوونەوە كە بەمەبەستی دەنگدان لەسەر سندووقەكان ئامادە بن.