کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت، كەمی نان چوارەمین پارێزگای ئێرانی گرتەوە/ رەوانە كردنی ١٠٠هەزار تۆن ئارد بۆ سووریە

23:14 - 8 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: قەیرانی كەم نانی ئوستانی ورمێ‌شی گرتەوە و ئەمە لەحاڵێكدایە كە رێژیمی ئیسلامیی ئێران ١٠٠ هەزار تۆن ئاردی بەمەبەستی دابین كردنی نانی چەكدارەكانی بەشار ئەسەد بۆ سووریە ناردووە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، قەیرانی كەمی نان و ئارد دوای پارێزگاكانی خوزستان، ئەردەبێڵ و كوردستان، ئوستانی ورمێ‌شی گرتەوە و هاووڵاتیانی ئەو پارێزگایە لەگەڵ كێشەی جیدی كەمی نان بەرەوروون.
ئەم رۆژانە هاوولاتیان بۆ وەدست خستنی چەند دانە نان ئەویش ئەگەر كارێكی ئەتۆی رۆژانەیان نەبێت، دەبێ‌بۆ ماوەی چەندین كاتژمێر لەبەردەم نانەواییەكاندا رابوەستن و زۆر جاریش ئەو چەند دانە نانە دەست ناكەوێ‌.
لەو كاتەوە كە سەهمیەی ئاردی نانەواییەكان لەلایەن شۆرای ئاردو نانی شارەكانەوە كەم كراوەتەوە، هاووڵاتیان شایەتی داخرانی چەندین نانەوایی لەشارەكانی كامیاران، شنۆ و خۆی بوونە.

ئەو نەبوونی ئارد و نانە زیاتر لەشوێنەكانی دیكە، لەشارەكانی كوردستانی رۆژهەڵات خۆی دەرخستووە، بەچەشنێك كە لەشاری سنە بۆ ماوەی چەند حەفتەیە ئەو كێشەیە بەردەوامە و ناڕەزایەتی هاووڵاتیانی ئەو شارەی لێكەوتۆتەوە.
لەشاری سنە سەهمیەی رۆژانەی ئاردی نانەواییەكان لە ١٠كیسەوە بۆ ٦ كیسە كەم كراوەتەوە و نانەواییەكان بە ناچاری هەتا كاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی كار دەكەن.
كەمیی ئارد لەكوردستان و شوێنەكانی دیكەی ئێران لەحاڵێكدایە كە هەواڵدەریی روێتێرز بڵاوی كردبۆوە، رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەمەبەستی دابین كردنی نانی چەكدارەكانی رێژیمی سووریە سەد هەزار تۆن ئاردی رەوانەی ئەو وڵاتە كردووە.
وائێل ئەلحەقی سەرۆك وەزیری سووریەش ئەو هەواڵەی پشت راست كردۆتەوە.
نانەواییەكانی شارەكانی دێگولان، سنە، مەریوان و شنۆ سەهمیەی ئاردەكانیان لەلایەن شۆرای ئارد و نانەوە كەم كراوەتەوە و ئەو كەم كردنەوەی سەهمیەیە هاووڵاتیانی لەگەڵ بێ‌نانی بەرەوڕوو كردۆتەوە.
لەم چەند ساڵانەی دواییدا رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبەردەوامی پڕوپاگەندەی خودكفایی گەنمی لەراگەیەنەكانی دەكرد و لەو باوەڕەدابوو چیدیكە پێویستی بە هاوردە كردنی گەنم یان ئارد لەدەرەوە نیە.
هەنووكە دوای ئەو هەموو پڕۆپاگەندانە هاووڵاتیانی كوردستان لەگەڵ قەیرانی نان بەرەوڕوو بوونەتەوە و ناوەندە پێوەندیدارەكانیش لەبری چارەسەریی سەهمیەی نانەواییەكانیان كەم كردۆتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا شارەكانی ئەراك، شاهروود، گەرمی و بەهارستانیش لە ئێران لەكەمیی ئارد بەرەوروون و لەو كێشەیە بێبەری نەبوونە.