کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ بەڵێنییەكانی پاڵێوراوانی پۆستی سەركۆماریی و شێوازی پڕوپاگەندە كردنیان لەكوردستان

18:20 - 13 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: پاڵێوراوانی پۆستی شانۆگەریی هەڵبژاردنی سەركۆماریی رێژیمی ئێران، لەكوردستان دەستیان بەدانانی ناوەندی تەبلیغاتی و دانی بەڵێنی بێ‌بنەما بە هاووڵاتیانی كورد كردووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەشارەكانی روانسەر، مەهاباد و مەریوان بە فێڵ و تەڵەكەی جۆراوجۆر رێژیمی ئیسلامیی دەیهەوێ‌هاووڵاتیانی كورد راكێشی سەر سەندووقەكانی دەنگدان بكات و لەرۆژی دەنگداندا ناوەندە دیاریكراوەكان قەرەباڵغ نیشان بدات.

روانسەر

ئەو دووكانانەی لەشاری روانسەر كە وەكوو ستاد یان بنكەی تەبلیغاتی پاڵێوراوەكانی پۆستی سەركۆماریی كەڵكیان لێ‌وەرگیراوە، رێژەیەكی زۆر كەم لەخەڵكی سەردانیان دەكەن و ئەوە بۆتە هۆی ئەوەی كە پاڵێوراوەكان بۆ قەرەباڵغ كردنی ئەو شوێنانە بەڵێنی بێ‌بنەما بەهاووڵاتیانی روانسەر بدەن.
بەوتەی هاووڵاتیان ستادی یەكێك لەپاڵێوراوەكان بە خاوەن ماشێنەكانی وتووە، هەر كەسێك كە پوستێر و وێنەی ئەو پاڵێوراوە لەماشێنەكەی بدات، پەنجا هەزار تمەنی پێ‌دەدرێت.

ئەو داوكارییە لەلایەن هاووڵاتیانەوە بایەخێكی ئەتۆی پێ‌نەدراوە و پشت گوێ‌خراوە و هەر لەو پێوەندییەدا لەشاری روانسەر پاڵێوراوەكان بەمەبەستی راكێشانی هاووڵاتیان بۆ ستادەكان لەمووسیقی كوردی كەڵك وەردەگرن و لەهەوڵی ئەوەدان كە خەڵكی بە گوێ‌دان بەو موزیكانە لەستادەكاندا بمێنەوە.

مەریوان

لەشاری مەریوانیش پاڵێوراوان و ناوەندەكانی سەر بە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بێكار نەبوون و دەیانهەوێ‌لە رێگای جۆراوجۆرەوە خەڵكی بكێشنە سەر سەندووقەكان.
ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان بەهاوكاری حەراسەت، سەرجەم ئەو مامۆستایانەی كە لەسەر كار دەركراون بانگ كردووە و داوای هاوكاریی لێكردوون.
ئەو ئیدارەیە بەمامۆستایانی وتووە، پێویستە لەهەڵبژاردنەكاندا یارمەتیان بكەن و دەنگ بەپاڵێوراوی دەسنیشان كراویان بدەن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بەماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، حەراسەتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بە مامۆستایانی لەسەركار دەركراوی وتووە، ئەگەر بێت و هاوكاریمان بكەن، زەرەر و زیانی ئەو چەند ساڵەی كە لە وانە وتنەوە بێبەری كراون، بۆتان قەرەبوو دەكەینەوە.
سەرچاوەكە ئەوەشی خستە روو، تەنانەت بەڵێنی 5 میلیۆن تمەن بەو مامۆستایانە دراوە و ئەو داواكارییە لەلایەن مامۆستایانە رەت كراوەتەوە.
مەهاباد

لەشاری مەهابادیش لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە ناوەندی دەنگ و رەنگی ئەو شارە راگەیەندراوە بەشێوەكی زۆر تۆكمە تەبلیغ بۆ هەڵبژاردنەكان بكرێ.
هەر لەو پێوەندییەدا رێژیمی ئێران دەیهەوێ‌لەرێگای ترساندن و خۆف خستنە ناو دڵی خەڵكیەوە ناچاریان بكان بەشداریی هەڵبژاردنەكان بن و ساڵانی پێشووش ئەو كارەی كردووە، بەڵام سەكەوتوو نەبووە.
بە بەشێك لەهاووڵاتیانی شاری مەهاباد وتراوە ئەگەر لەهەڵبژاردنەكاندا بەشداری نەكەن، یارانەكانیان لێ‌دەبڕن.

هاووڵاتییەكی شاری مەهاباد بەماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، ترسی رێژیمی ئێران لەبەشداری نەكردنی خەڵك لەهەڵبژاردنەكاندا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە هەڕەشەی بڕینی یارانە و كەلوپەلی وەرزێری، لەهاووڵاتیان دەكات.
ئەو هاووڵاتییە لەو باوەڕەدابوو، ئەو یارانەیەی كە رێژیم بەخەڵكی دەدات تەنیا بۆ سەرقاڵ كردنی خەڵكییە و بڕینی ئەو یارانەیە لە دانی باشترە.
ئەم پڕۆپاگەندانە بۆ هەڵبژاردنەكان لەحاڵێكدایە كە چەند رۆژ لەمەوبەر یەكێك لەفەرماندەكانی سپای پاسدارنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەشاری پاوە رایگەیاندبوو، بۆ رێژیمی ئێران گرینگ بەشداری خەڵك لەهەڵبژاردنەكان و قەرەباڵغ كردنی سەر سەندووقەكانی دەنگدانە.
ئەو فەرماندەیە وتبووشی: هەر كەسێك لە ئێران پۆستی سەركۆماریی بەدەستەوە بگرێ‌پێویستە گوێ‌لەمستی رێبەر و سپای پاسدارن بێت.