کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ رۆژی جیهانیی ئەیدز

13:22 - 11 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: زیاد بوونی رێژەی تووشبوانی نەخۆشیی ئەیدز لە ئێراندا نیگەرانیی کارناسانی لێکەوتووەتەوە. هاوکات رێژەی تووشبوون بەو نەخۆشییە لە جیهاندا رووی لە کەم بوونەوەیە.
ئەیدز لە کوردستان

لە پارێزگای سنە ٤٧٦ کەس، لەوانە ٣٣ ژن و ٤٤٣ پیاو تووشی ڤایرۆسی HIV بوون کە ئەو رێژەیە لە پارێزگای کرماشان زۆر زیاترە. لە پارێزگای کرماشان ٣٣٠٠ هاووڵاتی تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون کە ٢٩٧ کەسیان ژن و ٣٠٠٣ کەسی دیکەش لە رەگەزی پیاون.
خشتەی خوارەوە رێژەی تووشبوان بە ڤایرۆسی HIV لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران (کرماشان، سنە، ئورمیە و ئیلام) نیشان دەدات.

7385.jpg
بەپێی ئەم خشتەیە بە گشتی لە کوردستانی ئێراندا ٤٢١٢ کەس تووشی نەخۆشیی ئەیدز بوون کە ٣٧٥٣ کەسیان پیاو و ٣٥٩ کەسی دیکەش ژنن.

رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی HIV لە کوردستان لە ئاماری راگەیەنراوی ناوەندەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران زێدەترە و بەهۆی نەبوونی ناوەندێکی سەربەخۆی تایبەت بە ئەیدز لە کوردستان لەمەڕ تۆمارکردنی ئەو ئامارانە، رێژەی تووشبوان بە کەمترین شێوە راگەیەنراوە.
ئەیدز لە ئێران

زۆربەی حاڵەتەکانی تووشبوان بە ڤایرۆسی HIV کە هەتا ئێستا لە ئێراندا دۆزراونەتەوە لە رەگەزی پیاو دان و هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژنان کەمتر تاقیکارییان بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام داوە. ئەمە لە حاڵێک دایە دەستڕاگەیشتن بەو ژنانە کە مەترسیی ئەیدزیان لەسەرە بۆ ئەنجامدانی تاقیکاری دژوارە و لە هەندێ حاڵەتیشدا نامومکینە.

7384.jpg


نزیکەی لە سەدا ٧٥ی تووشبوان بە ڤایرۆسی HIV لە تەمەنی نێوان ١٥ هەتا ٤٩ ساڵ دان و وەکوو گرووپێکی چالاک و تەنانەت بەرهەمهێنەری کۆمەڵگای ئەیدزی دەناسرێن.
بەپێی ئەم ئامارە نزیکەی لەسەدا ٨٥ی تووشبوان بە ڤایرۆسی HIV لە رەگەزی پیاون و ژنانیش زیاتر لەسەدا ١٠ی تووشبوان پێک دەهێنن.
لەسەدا ٩٥ی پیاوانی تووشبوو بە نەخۆشیی ئەیدز گیانیان لە دەست داوە و ژنانیش لەسەدا ٥٠ی قوربانییانی تووشبوو بە نەخۆشیی ئەیدز لە ئێراندا پێک دەهێنن.
ئەم ئامارە بە پشت بەستن بە ناوەندەکانی ئاماری رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە و بەهۆی شوورەیی بوونی تووشبوون بەو نەخۆشییە لە فەرهەنگی کۆمەڵگای ئێراندا، کارناسانی ئەو بوارە لەو بڕوایە دان دەشێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیە زێدەتر بێت.
لە ئێراندا لاوان زیاتر لە توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا مەترسیی تووشبوون بە HIVیان لەسەرە و کەڵک وەرگرتن لە ئامرازەکانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەنێو تووشبوانی ماددە هۆشبەرەکان، پێوەندیی جینسی لەگەڵ کەسێکی تووشبوو بە HIV، ورگرتنی خوێنی هەڵگری ڤایرۆسی HIV، شیردانی دایکی تووشبوو بە ڤایرۆسی HIV بە منداڵی ساوا، کەڵک وەرگرتن لە دەرزیی هاوبەش بۆ نەخۆشەکان و ... لە هۆارەکانی راگواستی ئەو نەخۆشییە بۆ کەسانی دیکەیە.
زیاد بوونی رێژەی تووشبوان بە ئەیدز لە ئێراندا لە کاتێک دایە کە ئاماری ئەیدز لە جیهان رووی لە داکشانە و بەپێی دوایین ئامار هەتا سەرەتای مانگی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، نزیک بە ٢٧ هەزار کەس لە ئێراندا گیرۆدەی ڤایرۆسی HIV بوون و نزیکەی ٧٠ هەزار کەسی دیکەش ئاگایان لە تووشبوونی خۆیان بەو نەخۆشییە نییە.
سێ مانگ جارێک لە ئێراندا ٥٠٠ کەس بە ژمارەی تووشبوانی نەخۆشیی ئەیدز زیاد دەکات کە زۆربەیان لە رێگەی پێوەندیی جینسییەوە تووش دەبن.
ئەیدز لە جیهان

رێژەی مردنەکان بەهۆی نەخۆشیی ئەیدز لە جیهاندا کەمی کردووە. لە راپۆرتێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە: لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینی ٣٥،٣ میلیۆن کەس لە جیهاندا تووشی نەخۆشیی ئەیدز بوون و نزیکەی ٣،٢ میلیۆنی دیکەش لەم دوایی‌یانەدا گیرۆدەی ئەو نەخۆشییە بوون.

7386.jpg
نەخشەی بڵاوبوونەوەی ئەیدز لە جیهاندا (٢٠١١)


بەپێی ئامارە جیهانییەکان ٦،١ میلیۆن تووشبوو بە ڤایرۆسی HIV لە جیهاندا گیانیان لە دەست داوە.
زیادبوونی نەخۆشیی ئەیدز لە رێگەی پێوەندیی جینسییەوە پرسێکە کەلە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام لە ئێراندا بە پێچەوانەوە رووی لە زیاد بوونە و لەسەدا ٩٩ تووشبوانی نەخۆشیی ئەیدز لە ئێراندا لە رێگەی پێوەندیی جینسییەوە تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن.
ئامادەکار/ رامان نەسری