کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ ١٢ هەزار بێكاری دەرچووی زانكۆ لە ئیلام بوونی هەیە

16:21 - 20 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: پارێزگای ئیلام بەپێی ئەو بەرجەوەندییە (چشم انداز) ٢٠ ساڵەیەی كە رێژیمی ئێران دایناوە، هیچ پشكێكی بەر نەكەوتووە و رۆژ لەگەڵ رۆژیش بە رێژەی بێكارانی زیاد دەبێت.
هەر لەو پێوەندییەدا نوێنەری ئیلام لە مەجلیسی رێژیم رایگەیاندووە، ١٢ هەزار بێكاری دەرچووی زانكۆ لە ئیلام بوونی هەیە و هەتا ئێستا ناوەندە پێوەندیدارەكان هیچ هەوڵێكیان بۆ بنبڕ كردنی نەداوە.
لەناو شارەكانی ئوستانی ئیلامدا مەلەكشاهی و سیروان زۆرترین رێژەی هەژار و كەمی خزمەتگوزارییان هەیە و تەنانەت لەبوونی نەخۆشخانەش بێبەرین.
لەئوستانی ئیلام سەرەڕای بوونی بێكارێكی زۆر رۆژ لەگەڵ رۆژیش ناوەندە پیشەییەكان بەرەوڕووی داخران دەبنەوە و لەو پێوەندییەدا زیاتر لە٤٠%‌ی كارخانەكانی ئوستانی ئیلام بە هۆی كێشەی ماڵی و كەمكاری بەرپرسانەوە داخراون.
سەرەڕای بەڵێنییەكانی بەرپرسانی شاری ئیلام لەمەڕ دابین كردن و رەخساندنی هەلی كار و هەروەها دەوڵەمەند بوونی ئەو پارێزگایە لە بواری نەوت و گازەوه، بەڵام ئێستاش زۆربەی لاوانی شاری ئیلام بێكارن.
بەپێی دوایین ئامارەكان، ئیلام لە ئاستی ئێراندا خاوەنی ١١% گاز و ٧% نەوتی سروشتییە و رۆژانە زیاتر لە ١٦٠ هەزار بەرمیل‌نەوت لەو پارێزگایە بەرهەم دەهێنرێت.
هەر لەو پێوەندییەدا ئەحمەد شەوهانی نوێنەری ئیلام لە مەجلیس بە هەواڵدەریی میهری راگەیاندووه، پارێزگای ئیلام سەرەڕای بوونی ئەو هەموو كانزا و سەرچاوە سروشتییانە، لاوەكانی بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن.
دەوڵەتی دەیەم دوای چەندین سەردانی بۆ ئەو ناوچەیە بەڵێنی بە خەڵكی ئەو شارە دا كە كێشەی بێكارییان بۆ بنبڕ دەكات، بەڵێنێك كە هەتا ئێستاش وەدی نەهاتووە.

لە پاییزی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا سێ پارێزگای ئیلام، كرماشان و كوردستان، زیاترین رێژەی بێ‌كارییان لەسەر ئاستی ئێراندا هەبووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، نرخی بێكاری لە پارێزگای كرماشان ٨،١٨%، پارێزگای كوردستان ٦،١٥% و پارێزگای ئیلام ٠،١٥% بووە و پاش پارێزگای لوڕستان زیاترین نرخی بێ‌كاری لەم سێ پارێزگا كوردنشینەدا بووە.
ناوەندی ئاماری ئێران رۆژی شەممە رێكەوتی ٥ی رەشەمە لە ئامارێكدا بڵاوی كردووەتەوە، پاش پارێزگای لوڕستان بە نرخی ٦،٢٠%ـەوە، هەر سێ پارێزگای كرماشان، كوردستان و ئیلام، زیاترین رێژەی بێكارییان لەسەر ئاستی ئێراندا هەیە.